فڕۆکەیەکی تورکیا فڕۆکەیەکی ئەرمینیای خستەخوارەوە

  2020-09-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە درێژەی بەردەوامبوونی شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، ئەرمینیا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی تورکیا لە بەرەکانی جەنگ فڕۆکەیەکی جەنگی وڵاتەکەی خستووەتە خوارەوە.

لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا وەزیری بەرگری ئەرمینیا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا کە لە فڕۆکەخانەی "گانجا"ی خامی ئازەربایجانەوە دەرچووە، کۆمەکی سەربازیی پێشکەش بەسوپای ئازەری کردووە و فڕۆکەیەکی سۆخۆی ٢٥ی وڵاتەکەی خستووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەشی گیانی لەدەستداوە.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە تورکییەکە لەناوخاکی ئەرمینیادا فڕۆکەکەیانی خستووەتە خوارەوە.
لەبەرامبەر ئەو لێدوانانە حکومەتی تورکیا ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە خستەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەرمینا دەکەن لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیاوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی سێ ڕۆژە شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بۆ جارێکی تر لەسەر هەریمی ناگۆرنی قەرەباغ بە سەختی دەستی پێکردووەتەوە و بە دەیان کوژراو لە هەردوو لا هەیە.



ڕیکلام