کازمی: دەستوەردان لە دەزگا ئەمنییەکاندا دۆخی ئەمنی ئاڵۆزکردووە

  2020-09-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆکی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، دەستوەران لە کاری دەزگا ئەمنییەکاندا بووەتە هۆی ئاڵۆزی دۆخی ئەمنی لە وڵاتدا.

مستەفا کازمی لە میانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕایگەیاند "هەیە پڕوپاگەندەی عێراقی بوون دەکات، بەڵام کاردەکات لەسەر گۆڕینی خاکی عێراق بۆ گۆڕەپانی ململانێکان".

کازمی لە کۆبوونەوەکەدا وتی "هەریەکە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایانگەیاندووە نایانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێکان".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا کازمی جەختیکردەوە، ئێستا کاتی ڕاستکردنەوەی کاری دەزگا ئەمنییەکانە، هەریەکە بەگوێرەی پسپۆڕی و تایبەتمەندی خۆی، چونکە دەستوەردان لەکاری دەزگا ئەمنییەکاندا بووەتە هۆی شلۆقی و ئاڵۆزی دۆخی ئەمنی.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، ئێستا کاتی کارکردنە نەک دەرکردنی هەندێک بڕیار بۆ ئەوەی لەژێر ناوی جیاجیادا تێکەڵ بە بیرۆکراسییەت بکرێت.

ئەو وتانەی کازمی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لە کاتێکدایە، ماوەی دوو ڕۆژە بەهۆی لێدوانەکانی ئەمریکا سەبارەت بە کار و چالاکی گروپە چەکدارەکانی ناوخۆیی عێراق، کە ئەو بە نزیک لە ئێران ناویان دەبات، هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی کردووە لە بەغدا، بە تایبەت دوای ئەوەی چەندجارێک داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کۆنترۆڵی ئەو گروپە چەکدارەکانە بکات، چونکە مەترسین بۆسەر داهاتووی عێراق.



ڕیکلام