میسی داوای لێبوردنی كرد و راهێنەرەكەی وەڵامی دایەوە

  2020-09-30  | 
دۆسیە:  وەرزش
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میسی داوای لێبووردنی لە هاندەرانی یانەكەی كرد و راهێنەری یانەكەش وەڵامی دەداتەوە و داوای لێبوردنەكەی بە شتێكی باش وەسف دەكات.

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی. لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا وتی "داوای لێبوردن لە هەر كەسێك دەكەم ئەگەر بە هەڵسوكەوتەكانم بێزارم كردبێت".

ئەستێرە ئەرجەنتینیەكە وتیشی "دوای بێزاربوونێكی زۆر، دەمەوێ ئاستێك بۆ ئەو بارودۆخە دابنێم، پێویستە هەموو ئەوانەی هەواداری بەرشەلۆنەن یەكگرتووبن و پێشبینی هاتنی باشتر بۆ بەرشە بكەن".

ئەو روونیكردەوە ئەگەر هەڵەی هەبووبێت تەنیا لەپێناو ئەوەبووە بەرشەلۆنە باشتر و بەهێزتربێت وتیشی "هەر كەسێك بمناسێت دەزانێت كە من بێجگە لە بردنەوە بە هیچ شتێكی دیكە رازی نابم، بەردەوامیش لەنێو یاریگەدا هەوڵ و تێكوشان دەدەم، كارەكە بە درێژایی ژیانی پیشەییم بەو شێوەیە بووە و ناشگۆڕێت، ئەمڕۆش پابەندبوونم بەرامبەر ئەم درێسە و ئەم قەڵغانە وەكخۆی ماوە".

مێسی هەروەها وتیشی "هەموو ئەوەی روویدا تێپەڕی، ئێستا پێویستە هەموو كۆششەكانمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی وەك تیپ و هاندەران دەستكەوت بەدەستبێنین، كە بێگومان پەرۆشی و حەماسەت تاكە رێگەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان".

لەبەرامبەر ئەو قسانەی ئەستێرەی یانەكە رۆناڵد كۆمان، راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە وەڵامی دایەوە وتی: میسی پەیامێكی باش و گرنگیداوە، بەتایبەتیش كە بەر لە یارییەكی گرنگی ئێمە بووە.

ئەو لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە یاری یانەكەی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە گەڕی چوارەمی لالیگادا، وتیشی "دەمانەوێت میسی لە شوێنێك یاری بكات كە بتوانێت زۆرترین سوودی بۆ تیپەكەمان هەبێت، كە هەمیشە وایكردووە، ئێمە لە كاتی مەشقەكاندا قسە دەكەین و وابزانم زۆر دڵخۆشە".


ڕیکلام