ئێران.. بەرزترین ژمارەی گیان لەدەستدان بەکۆرۆنا لە ڕۆژێکدا تۆمارکرا

  2020-10-19  | 
تاران
بەرزترین ژمارەی گیان لەدەستدان بەکۆرۆنا لە ڕۆژێکدا لە ئێران تۆمارکرا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٣٧ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ئەوەش بۆ یەکەم جارە لە شەو و ڕۆژێکدا ئەو ژمارە زۆرە بە کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن.

سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆنفڕاسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا چوار هەزار و ٢٥١ توشبووی نوێی کۆرۆنا لە وڵاتەکە تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش هەزار و ٩٤٨ کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ٣٣٧ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

ماوەی چەند رۆژێکە بەرپرسانی تەندروستی ئێران بەردەوام هۆشداری لە بەرزبوونەوی ئاماری توشبوون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە وڵاتەکەیان دەدەن و رۆژی ڕابردووش موحسن هاشمی سەرۆکی شورای تاران پێشنیازی کرد، بۆ ماوەی دوو هەفتە پایتەخت کەرەنتین بکرێت.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ ٥٣٤ هەزار و ٦٣١ کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسە بوون، لەو ژمارەیەش ٣٠ هەزار و ٧١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٣١ هەزار و ٣٦٠ نەخۆشیش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەراندووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەو ئامارەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ئێرانەوە بڵاودەکرێتەوە، جێی گومانە و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئیرەج حەریرچی جێگری وەزیری تەندروستی ئێران دانینا بەوەدا کە ئاماری دەقیقی توشبووانی کۆرۆنا زۆر زیاترە لەو ئامارەی کە بڵاودەکرێتەوە و بە وتەی ناوبراو ئاماری ڕاستیی توشبووان، ٢.٢ هێندەی ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستی ئێرانە.



ڕیکلام