سوریا: ئەوگەنمەی لەبەردەستدایە بەشی مانگ و نیوێک دەکات

  2020-10-27  | 
دۆسیە:  سوریا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک وەزیرانی سوریا دانی بەوەدا کە وڵاتەکەی تەنها بەشی یەک مانگ و ١٥ رۆژ گەنمی لەبەردەستدایە بۆ داینکردنی نان.

حسین عەرنوس سەرۆک وەزیرانی سوریا لە کۆبوونەوەیەکی حکومەتدا لەگەڵ یەکێتی گشتی سەندکاکانی کرێکاران ڕایگەیاند، ئەو بڕە گەنمەی کە کڕیوویانە تەنها بەشی یەک مانگ و ١٥ ڕۆژ دەکات.

ڕۆژنامەی "ئەلوەتن"ی سوری لە زاری عەرنوسەوە بڵاویکردەوە، لەمساڵدا بڕی ٦٩٠ هەزار تۆن گەنم کڕدراوە، ٣٠٠ هەزار تۆنیان لە حەسەکە بووە، هەر تۆنێک بە ٢٨٠ دۆلار کڕدراوە.

سەرۆک وەزیرانی سوریا جەختیکردەوە، نان هێڵی سورە و بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ناکرێت لە سنوری زۆر ساکاردا نەبێت.

روونیکردەوە حکومەت هەرچەند پیی دڵخۆش نییە، بەڵام ناچارە چەند بڕیارێکی دڵڕەقانە و قورس بدات، چونکە بەهۆی هەندێک دۆخی تایبەتەوە کە بە ناچاری بەسەریدا سەپاوە.

سەرۆک وەزیرانی سوریا دانی نا بەوەشدا ئەوان لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا کاردەکەن، بە قورسترین بارودۆخ دادەنرێت لە جیهاندا.



ڕیکلام