لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکی بۆسەر کابولی پایەتەختی ئەفغانستان نزیکەی ٤٠ کەس کوژران و برینداربوون و باڵیۆزخانەی ئێرانیش لەو شارە، زیانی بەرکەوت.
تارق ئاریەن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، نزیکەی کاتژمێر 8:40 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ بەکاتی ئەو وڵاتە، لە چەند ناوچەیەکی کابولەوە ٢٣ موشەک ئاراستەی شوێنە قەرەباڵغ و نیشتەجێبوونەکان کراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣١ کەسی دیکەش برینداربوون.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان راشیگەیاند، هێرشەکە رێکخراو بووە و بەئەنقەست موشەکەکان ئاراستەی شوێنە نیشتەجێبوونەکان کراون.
هاوکات باڵیۆزخانەی ئێران لە کابول لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، یەکێک لە موشەکەکان لەناو حەوشەی باڵیۆزخانەکە کەوتووەتەخوارەوە، راشیگەیاندووە، موشەکەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە بەڵام شوشەی دەرگا و پەنجەرەی بینای باڵیۆزخانەکە شکاون و زیانی ماددی بەرکەوتووە.
تا ئێستا هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، سەرەڕای بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی ئاشتیی حکومەتی ئەفغانستان و گروپی تالیبان لە قەتەر، توندوتیژییەکان و شەڕی ناوخۆ لە ئەفغانستان پەرەیسەندووە.