بزوتنەوەی گۆڕان : ئیدانەی بەکارهێنانی توندوتیژی دەكەین بەرامبەر خۆپیشاندەران

  2020-12-03  | 
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پشتگیری تەواوی داواکارییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەکەین و ئیدانەی بەکارهێنانی توندوتیژی دەكەین بەرامبەر خۆپیشاندەران.

بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، خۆپێشاندان و گردبونەوەی مەدەنی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی یەکێکە لەسەرەتایترین مافە مەدەنیەکانی هاوڵاتیان. لە ئێستاشدا، گوزەرانی خەڵک بەگشتی و باری گوزەرانی موچەخۆران بە تایبەت لە دۆخێکی خراپدایە، لەم پێناوەشدا خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی بۆ پرسی موچە و بژێوی خۆپیشاندان بکات".

 هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە پشتگیری تەواوی داواکارییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەکەین بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و موچە، هەمو هەوڵی سیاسیشمان لە ماوەی ڕابردودا هەر بەم ئاراستەیەدا بووە لە حکومەتدا".

بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاندووە، "بە توندی ئیدانەی بەکارهێنانی توندوتیژی دەکەین بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، لێرەوە داواکارین لە هێزە ئەمنیەکانی پارێزگای سلێمانی کە دەستبەجێ بەکارهێنانی توندوتیژی بوەستێنن و گیراوەکانیش ئازاد بکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەلە بکات لە ئەنجامدانی چاکسازی و ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا بە ئامانجی دابینکردنی قوتی خەڵکی کوردستان .



ڕیکلام