لە دیالە 1360 رەگەزنامەی عێراقی ساختە ئاشکراکراوە

  2021-01-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە فەرمانگەی ڕەگەزنامەی و باری کەسێتی پارێزگای دیالە ١٣٦٠ مامەڵەی ساختە ڕایکراوە، بۆ پێدانی رەگەزنامەی عێراقی بە کەسانی بیانی.

دەستەی نەزاهەی گشتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی کار لە نوسینگەی لێکۆڵینەوە ینەزاهە لە پارێزگای دیالە، دەستی گرتووە بەسەر ١٣٦٠ مامەڵەی ساختەدا،کە بەهۆیەوە ڕەگەزنامەی عێراقی بە کەسانی بیانی دراوە.

دەستەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژمارەیە لەناو ٤٣٣٣ وێنەی باری کەسێتیدا بوون، کە لەسەر بنەمای ئەو مامەڵانە رەگەزنامەی ساختە دراوە بە کەسانی بیانی لە فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی، لە قەزای خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی گەیشتنی تیمەکەدا فەرمانبەرێکی فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی ئەو قەزایە بە کاری ساختەکردنەوە دەستگیر کراوە.

لە بەیاننامەکەدا هیچ ئاماژەیەک نەکراوە بە ناسنامەی ئەو بیانیانەی کە توانیویانە لەڕێگەی ئەو ساختەکارییەوە رەگەزنامەی عێراقیان بەدەستهێناوە.

بە گوێرەی مادەی ٢٨٩ لە یاسای سزادانی عێراق (سزا دەدرێت بە زیندانی بە ماوەی کەمتر نەبێت لە ١٥ ساڵ، هەر کەسێک بەڵگەنامە فەرمانییەکانی دەوڵەت ساختە بکات).

ناوبەناو دەسەڵاتدارانی عێراق هەواڵی دەستگیرکردنی باندەکانی ساختەکاری ڕادەگەیەنێت، بەڵام بەزۆری باندی ساختەکردنی موڵک و ماڵی دەوڵەت و ساختەکردنی پارەی عێراقی و بیانییە.

 



ڕیکلام