مەڵبەندی یەكێتی: شایستە داراییەكانی كەركوك رادەستی دەستێكی ئەمین بكەن

  2021-01-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەعێراق لە دواین دانیشتنی پەرلەماندا وداوایكرد "بودجە بۆ كەركوك مەنێرن" ئەوەش بە هۆی دۆخی خراپی شارەكەوە بوو، بۆ ئەو قسانەشی مەڵبەندی حزبەكەی لە شارەكە دەڵێت بەرگری لە قسەكانی دەكەین.

بەهۆی جیاوازیكردن لەنێوان پێكهاتەكان رێبوار تەها نوێنەری كوردی پارێزگای كەركوك داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كرد چیتر بودجە بۆ كەركوك نەنێرن،  لە وەڵامی سەرۆكی پەرلەمانیش وتی من یەكەمجارمە ئەو داوایە دەكەم رەنگە بەلاتانەوە سەیر بێت، بەڵام دۆخی كەركوك تا ئەو پەڕی خراپە. 

مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك لە راگەیەندراوێكدا بەرگری لە قسەكانی پەرلەمانتارەكەیان دەكەن و دەڵێن: ئێمە پشتیوانی بۆچوونی پەرلەمانتاران بەگشتی و رێبوار تەها بەتایبەتی دەكەین، وەكو نوێنەرانی راستەقینەی كەركوكیەكان بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لیژنەی داراییان وت. 

پەرلەمانتارە كوردەكە لە قسەكانیدا وتی "جگە لەو شایستانەی بۆ كەرتی تەندروستی دەنێردرێت، نامانەوێت هیچ شایستەیەكی دارایی بۆ كەركوك بنێردرێت، چونكە ئیدارەكەی شكستخواردوو، گەندەڵ و نادادپەروەرە، هەروەها ئیدارەی ئەو پارێزگایە جیاوازی دەكات لەنێوان پێكهاتەكان و ناوچەكان لە گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان". 

مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لە راگەیەندراوە پشتیوانیەكەیدا بە بیری هێناوەتەوە ئەوان پێشتر بەردەوام داوای زیادكردنی شایستە داراییەكانیان كردووە "ئێستا بەهۆی خراپ بەكارهێنان لەلایەن ئیدارەی بەزۆر سەپێندراو داوا دەكەین شایستە داراییەكان ڕادەستی دەستێكی ئەمین بكرێت". 

ئەو حزبە ئەوەشی وتووە "داوا لەسەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی دارایی و حكومەت دەكەین ئاوڕی زیاتر لە دۆخی خراپی دەسەڵاتی كارگێڕی كەركوك بدەنەوە و لەم قەیرانانە ڕزگاری بكەن و گەندەڵكاران بەسزای یاسایی بگەیەنن جا هەركەس و لایەنێكە". 

راكان جبووری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت، لە كاردانەوەی ئەو قسانەدا رایگەیاند "كاتێك لە پەرلەمان و لە لیژنەی دارایی دیاریكردنی پشكی كەركوك لە بودجە رەتدەكرێتەوە، كارێكی مەترسیدارە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان".

ئەو جگە لەوەی قسەكانی پەرلەمانتارەكەی بە بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن زانی دەشڵێت "پەرلەمان كاتێك لە یەكێك لە ئەندامانی گوێی لە داوای دیارینەكردنی بودجە دەبێت بۆ ئەو پارێزگایە، ئەوە رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی خزمەتگوزاری و تەندروستی و پەروەردە دەبێت". 



ڕیکلام