میلانیا ترەمپ پەیامی ماڵئاوایی بڵاوكردەوە

  2021-01-19  | 
فۆتۆ: AFP
 تۆڕی هەواڵی ژیان
خانمی یەكەمی ئەمریكا پەیامی ماڵئاوایی بڵاوكردەوە و داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد نەهێڵن هیچ شتێك بەشبەشیان بكات.

 میلانیا ترەمپ، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا كە لە هەژماری خۆی لە تویتەر دەڵێت: گەورەترین شانازی ژیانم بووە وەكو خانمی یەكەم خزمەتی ئەمریكام كردووە، خەڵكی شەرەفمەندی ئەمریكی منیان سەرسامكرد بە میهرەبانی و چاونەترسی، بە باشی و جوانییەكەیان.

ئەو لە پەیامەكەیدا كە رۆژێك پێش مەراسیمی دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێ بڵاویكردووەتەوە دەشڵێت: چوارساڵی رابردوو لەبیرناكرێن، لێرەدا كۆتایی بە كاتی من و دۆناڵد ترەمپ دێت لە كۆشكی سپی. هەموو چیرۆكە جوانەكانی خۆشەویستی، نیشتیمانپەروەری و خاوەن ئیرادەیی لە دڵی خۆمدا هەڵدەگرم.

میلانیا ئاماژەی بە دۆخی كۆرۆنا كردووە و سوپاسی هەموو ئەوانەی كردووە كە ژیانی خەڵكی رزگار دەكەن و رایگەیاند "داوا لە هەموو ئەمریكییەكان دەكەم  وریا و هەستیار بن بۆ ئەوەی ژیانی ئەوانە بپارێزن كە لە مەترسیدان لەكاتێكدا ملیۆنان خەڵك ئێستا ڤاكسین وەردەگرن". 

هاوسەری دۆناڵد ترەمپ داواشی لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كردووە "لە هەر بارودۆخێكدابین، داوا لە هەموو ئەمریكییەكان دەكەم ببنە باڵیۆزی نیازپاكی، سەرنجیان لەسەر ئەوەبێت كە یەكمان دەخات. نەهێڵن هیچ شتێك بەشبەشمان بكات. هەمیشە خۆشەویستی بەسەر رق و كینە هەڵبژێرن، ئاشتی بەسەر تووندوتیژی هەڵبژێرن و كەسانی دیكە لەپێش خۆتان دابنێن".

بڕیارە سبەی چوار شەممە مەراسیمی دەستبەكاربوونی جۆبایدن، سەرۆكی نوێی ئەمریكا لە كۆشكی سپی ئەنجام بدرێت و پێشتریش دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو كە بەشداری ئەو مەراسیمە ناكات.

پێشتر لە مەراسیمەكانی دەستبەكاربوونی سەرۆكەكانی ئەمریكادا هەر سەرۆكێكی پێشووی وڵاتەكە كە لە ژیاندا بوو بێت بەشداری مەراسیمەكەی كردووە، بەڵام دوای زیاتر لە 150 ساڵ بۆیەكەمجار سەرۆكی پێشوو لە مەراسیمەكەدا بەشداری ناكات. 


ڕیکلام