دواجار ناوەندی كاروباری یاسایی یەکێتی، پرۆژەی نا ناوەندێتی بەڕێوەبردن و دارایی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، جێبەجێکردنی پرۆژەکە یەکێک بووە لە خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە نێوان پارتی و یەکێتی.
پرۆژەی ( ناناوەندێتی بەڕێوەبردن ) بریتییە لەدابەشکردن و دابەزاندنی دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایی و تەکنیکی و یاساییەکان لەنێوان حکومەتە خۆجێیەکان و دامەزراوە ناوەندییەکان لە هەرێمی کوردستان.
بڵاوکردنەوەی پرۆژەکە دوای چەندجارێک خستنەڕووی سیستمی لامەرکەزی دێت لەلایەن سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی مەکتەبی پەیوەندییەکان و نوێنەرانی ئەو حیزبە لە وڵاتانی دەرەوە، پێداگریی یەکێتی دووپاتکردەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاوڵاتییان و ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەروانی حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزیی دارایی و کارگێڕی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم.
پرۆژەی لامەرکەزی ئیداریی و دارایی یان ناناوەندێتی بەڕێوەبردن چییە و سودی چییە :
نا ناوەندێتی بەڕێوەبردن
-چەسپاندنی لامەرکەزییەتی ئیداریی پارێزگاکان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
-نەهێشتنی ڕۆتین و خێرا ڕاپەڕاندنی کاری هاوڵاتییان .
- زامنکردنی دابەزاندنی دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایی وتەکنیکی و یاساییەکان لە وەزارەت و دەستە و دەزگا و ئەنجومەنە ناوەندییەکان بۆ فەرمانگەکان و سنوری پارێزگاکان .
- زامنکردنی دابەشکردنی داهاتە گشتییەکان لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان .
لە ماددەی چوارەمی پرۆژەی ناناوەندێتی بەڕێوەبردن باسی داهات کراوە و دەڵێت، داهاتی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەجیا لە ئەژمارێکی بانکی تایبەت بە پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆکان تۆمار دەکرێت کە لەم سەرچاوانەی خوارەوە بەدەستدێت:
- داهاتە نا نەوتی و گازییەکان
-باجەکان
- گومرکەکان
- رسومات
- داهاتە جۆربەجۆرەکانی خزمەتگوزاری دەروازە سنوورییەکان
- داهاتی بەکرێدان و موساتەحە و فرۆشتن و ڕەفتارکردن بە موڵک و ماڵی گشتی گواستراوە و نەگواستراوە .
-سزا داراییەکان (غرامات)
-بەخشین و هاوکاریی و پیتاکی بەخشراو .
-بەشە بودجەی پارێزگا لە بودجەی گشتی ساڵانەی عێراقی فیدڕاڵ
بەپێی پرۆژەکە بێت پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆکان دەسەڵاتی خەرجکردنی بودجەی بەکاربردنی پەسەندکراوە (جگە لە موچە) لەسنوری پارێزگا و خەرجکردنی بودجەی وەبەرهێنان بە پەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا هەیە.
لە چوارچێوەی پرۆژەی نا ناوەندێتی بەڕێوەبردن و دارایی، هەموو قۆناغەکان و چالاکییەکانی پەیوەست بە پرۆسەکانی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ پارێزگا، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ ئامادەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز دەبێت لەکاتی گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەر ئەو قۆناغ و چالاکییەی دەکەوێتە سنوری جوگرافیاکەی.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک لایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکومەت لە کۆبوونەوە و لێدوانەکانیان دەڵێن لەگەڵ سیستمی لامەرکەزی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانن بەڵام ئامادەنیین دەستپێشخەری بکەن بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە و دەیانەوێت هەموو دەسەڵاتەکان لە هەولێر بمێنێتەوە بەوەش بۆ هەموو کارێکی ئیداری و دارایی پێویستە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بگەڕێنەوە بۆ هەولێر.