سێ پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی داوا دەکەن هەرێم بە خێرای نەوت رادەستی بەغدا بکات

  2021-01-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سێ پەرلەمانتاری کوردی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داوا دەکەن حکومەتی هەرێم بەخێرای نەوت رادەستی بەغدا بکات ،چونکە لێدوان و رونکردنەوەی نابەرپرسیارانە سود بە گفتوگۆکانی بودجە ناگەیەنێت.

هەریەکە لە هۆشیار عەبدوڵا و ئەحمەد حاجی رەشید و جەمال کۆچەر نوێنەرای هاوپەیمانی کوردستانی لە لیژنەی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن: دوا بەدوای ئاشکرابونی داتاکانی ناو راپۆرتیی (دیلۆیت) ئێستا لەهەمو کات زیاتر لای خەڵکی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە کە نەوتی هەرێم هەرزانفرۆش دەکرێت و پڕە لە کێشەی بونیادی کە بونەتە گرفتی گەورە بۆ ئێستا و لە ئایندەشدا دەبێتە کێشەی گەورەتر و ئاڵۆسکاوتر بۆ هەرێم و خەڵکەکەی، بۆیە پێویستە بە خێرایی ئەو مەلەفە بە ریشەیی چارەسەر بكرێ.

ڕاشیانگەیاندوە ئەگەر حکومەتی هەرێم هەنگاوێکی لەو شیوەیە بنێت، ئەوا پشتیوانیەکی گەورە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوپرۆسەی سیاسیی عێراق و گفتوگۆکانی ناو پەرلەمانیش بۆ تێپەراندنی بودجەی 2021 بەدەست دەهێنێت.

هەروەها بەو هەنگاوە رێگری دەکرێت لە بەرزبونەوەی ئەو گوتارە شەعبەویەی کە بە هۆی رێکنەکەوتنی نێوان هەردو حکومەت لە بەغدا و هەولێر کەسانێک هانی گوتاری ڕق و ناکۆکی دەدەن .

ئەو سێ پەرلەمانتارە ئاماژەیان بەوەشکردوە پێویستە کابینەی نۆ چیتر لەسەر سیاسەتی هەڵە و کوشندەی نەوت وەک رابردوو بەردەوام نەبێت و بە خێرایی پێداچونەوە بکات بە مەلەفیی نەوتدا بە شێوەیەک نەوت و داهاتەکەی نەبێتە هۆکاری بێموچەیی خەڵک بەڵکو ببێتە سەرچاوەی موچە و ژیان و بژێوی و خۆشگوزەرانیی بۆ هاونیشتیمانیانمان .



ڕیکلام