وەزیری كشتوكاڵ داوای چارەسەری موچەی كارمەندانی بەنداوەكان دەكات

  2021-01-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پشتیوانی یاداشتی ناڕەزایی كارمەندانی بەنداوەكانی هەرێم دەكات بۆ دابینكردنی موچە كە ماوەی 120 رۆژە وەریان نەگرتووە.

بێگەرد تاڵەبانی، پشتیوانی خۆی بۆ نوسراوی نوێنەرانی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە ئاراستەی سەرۆكایەتیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و وەزیرانی كشتوكاڵی عێراق و هەرێمیان كردووە. 

وەزیری كشتوكاڵی هەرێم راشیگەیاند: پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم داواكاریەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەكانی وەزارەتمان دوپات دەكەینەوە، جەختیش لەسەر جێ بەجێكردنی داوەكاریەكە دەكەینەوە.

نوێنەرایەتی بەنداوەكان بە یاداشتێك داوای دابینكردنی موچەی كارمەندانیان لە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، تاڵەبانیش  لەو بارەیەوە دەڵێت: وەكو ئەركێكی سەرشانی خۆمان، بەردەوام دەبین لە گەیاندنی كێشە و داخوازی فەرمانبەرانی بەنداوەكان و دابینكردن و گەڕاندنەوەی موچەكانیان. 

ئەوەشی بەبیر هێناوەتەوە كە لە هەفتەی رابردوو لە سەردانی شاندی باڵای وەزارەتەكەیدا بۆ بەغدا "درافتی تایبەتی وەزارەتەكەمان دەربارەی چارەسەری دواكەوتنی موچەی كارمەندان و كێشەكانی تایبەت بە بەنداوەكان، پێشكەش بە بەڕێزان سەرۆك كۆماری عێراق و لیژنەی كشتوكاڵی و ئاودێری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق كرد".

یاداشتی نوێنەرانی بەنداوەکان




ڕیکلام