وەشانی نووسیار ڕۆمانی (مرۆڤی ھەرزان) بڵاودەکاتەوە

  2021-01-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە نووسینی (گۆران سەباح)ە.

وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا بەمزوانە ڕۆمانی (مرۆڤی ھەرزان) لە نووسینی (گۆران سەباح) چاپ و بڵاودەکاتەوە.

لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە گۆران سەباح نووسەری ڕۆمانەکە دەڵێت: مرۆڤی ھەرزان ئەزموونێکی نوێیە لە ڕووی ژانری ڕۆمان، زمانی گێڕانەوە، تەکنیکی گێڕانەوە، کات، شوێن، تێما و کارەکتەر. ژانرەکە خەیاڵی زانستییە (خەز). لە ماوەی ڕابردوودا، دە باسی تێروتەسەلم لەبارەی خەز نووسی، بە درێژی باسی چۆنێتیی نووسینی خەزم کردووە. زمانی (مرۆڤی ھەرزان) ورد و پاراوە، تایبەتە بە خەز. زمانی خەز ئاسان نییە چونکە دەبێ ڕەچاوی لایەنی زانستی و تەکنیکی بکرێت، ئەمەش پێویستی بە زاراوەی تایبەت ھەیە. مرۆڤی ھەرزان ھەوڵێکە بۆ دانانی بناخەی زمانێکی تایبەت بە خەیاڵ و زانست کە جیای بکاتەوە.

دواتر سەبارەت بە ستایل و بابەتی ڕۆمانەکەی ئەو نووسەرە وتی: لە ژانرەیلی تری ڕۆمان. تەکنیکی گێڕانەوەکە کەسی سێییەمی سنووردارە کە ئاستەمترین تەکنیکە، لە دەرفەتی تر بە وردی باسی دەکەم. تێمای (مرۆڤی ھەرزان) ڕۆمانەکە جیا دەکاتەوە لە ڕۆمانەیلی تر. باسی خۆکوشتن دەکات، پێمان دەڵێت بۆچی فەلسەفە و ھزری رۆئاوا مرۆڤیان بەرەو ئاقاری خۆکوشتن برد. پێشمان دەڵێت فەلسەفەی ڕۆژھەڵات و ئایین و زانست دەتوانن چی بکەن بۆ چارەسەری خۆکوشتن. کاتەکە لە داھاتووە، باسی ساڵی ٢١٠٠ دەکات. (مرۆڤی ھەرزان) فرە شوێنە: بۆشایی ئاسمان، ھەولێر، نیویۆرک، پاریس، تاران، چەندان شوێنی تر. کارەکتەرەیلی سەرەکیی (مرۆڤی ھەرزان) گەنجن، لە نێوان ١٤-٢٠ ساڵی دان، ئەمەش ڕۆمانەکە دەکاتە جۆری (گەنجی تازە پێگەوییو، واتە Young Adult). 


ڕیکلام