ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ 74 کەس بەرزبووەوە

  2021-01-25  | 
روژهەڵاتی کوردستان
دەستبەسەرکردنی چالاکوانان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەردەوامە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەستگیرکردنی چالاکوانان و هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا 74 کەس دەستبەسەرکراون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاوڵاتیی دیکەی خەڵکی شارەکانی بۆکان و سنە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و بە هەژمارکردنی ئەم دوو حاڵەتەش، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی دوو هەفتەی ڕابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ٧٤ کەس بەرزبووەتەوە.

روونیشیکردووەتەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاوڵاتییەکی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی گوندی "ئاڵی کەند"ی بۆکان بە ناوی سەردار محەمەدپوور لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢٣ی١ی٢٠٢١، هاوڵاتییەکی خەڵکی سنە بە ناوی سیروان ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٦ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٧٤ هاوڵاتیی کورد لە شارەکانی تاران، کەرەج، کرماشان، سەوڵاوا، کەڵاتەرزان، مەریوان، سنە، بانه، سەقز، ڕەبەت، بۆکان، نەغەدە، پیرانشار و مەهاباد دەستبەسەرکراون کە پێنج کەسیان ئازاد بووە و ٦٩ کەسیان هێشتا دەستبەسەرن.



ڕیکلام