ئەمریکا: عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەتوانێت پشت بە غازی هەرێم ببەستێت

  2021-01-25  | 
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری یاریدەدەری وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، عێراق دەتوانێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی کارەبا لە جیاتی غازی سروشتی وڵاتانی کەنداو، پشت بە غازی سروشتی هەرێمی کوردستان ببەستێت.

لە پانێڵی پەیمانگای واشنتن، ماتیو زیوس جێگری یاریدەدەری وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، غازی سروشتی هەرێمی کوردستان بەسە بۆ عێراق بۆئەوەی چارەسەری کێشەی کەمی ئەو وزەیەی پێبکات کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاریدەهێنێت.

لە پانێلەکەدا ماتیو زیوس راپۆرتێکی وەزارەتی وزەی ئەمریکای لەبارەی یەدەکی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان خوێندەوە و رایگەیاند، بۆ ساڵی ٢٠٣٥ هەرێمی کوردستان دەتوانێت ساڵانە ٤٠ ملیار مەتر سێجا بەرهەمبهێنێت.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، خواستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ غازی سروشتی لە ساڵێکدا ١٥ ملیار مەتر سێجایە و هەرێم دەتوانێت ساڵانە ٢٥ ملیار مەتر سێجا هەناردەی دەرەوە بکات.

راپۆرتەکەی وەزارەتی وزەی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە کە بازاڕی سەرەکی بۆ کڕینی غازی سروشی هەرێمی کوردستان تورکیایە.



ڕیکلام