سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن داوای لێبوردنی لە گەلەکەی کرد

  2021-01-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یوشیهیدی سوگا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن داوای لێبوردنی لە گەلی وڵاتەکەی کرد، دوای ئەوەی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی هاوپەیمانێتییەکەی کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، سەردانی یانەی شەوانەیان کردووە پێشێلی ڕێنماییەکانی تەندروستی و حکومەتیان کردووە، کە دیاریکراوە بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سوگا وتی "من زۆر داوای لێبوردن دەکەن لەو روداوەی روویدا، بەتایبەت لە کاتێکدا داوا لە خەڵکی دەکەین لە دوای کاتژمێر ٨ی شەوەوە لە دەرەوە نان نەخۆن و دوورکەونەوە لە سەیرانگا و شوێنە گشتییەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لەسەر هەموو پەرلەمانتارێک بەشێوەیەک مامەڵە بکات کە سۆزی گەلەکەی بۆ خۆی ڕابکێشێت.

جۆن ماتسومۆتۆ، یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی کە سەردانی یانەی شەوانەی کردووە رایگەیاند،  هەڵسوکەوتەکەی کەمتەرخەمی بووە و داوای لە خەڵک کرد دان بەخۆیاندا بگرن.

حکومەتی ژاپۆن لە سەرەتای ئەم مانگەوە باری نائاسایی لەو ناوچانە ڕاگەیاندووە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تیا چالاکە، بەو هۆیەشەوە بڕیاردرا بە داخستنی چێشتخانە و یانەکانی شەوانەلە دوای کاتژمێر ٨ی شەوەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک خەڵک گوێ بەو ڕێنماییانە نادەن، کێشە بۆ ئەو ڕێنمایی و بڕیارانە دروستبووە.



ڕیکلام