چیرۆکى زاوا عەرەبەکەى ترەمپ

  2021-01-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەو کوڕە ملیاردێرە لوبنانییەى کە لە کۆتا رۆژی سەرۆکایەتییەکەی خەزوریدا دەستی خۆی وەشاند و هاوسەرگیری لەگەڵ تیفانی ترەمپ کچى سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا کرد

مایکڵ موسعەد بولۆس ساڵى 1998 لە خێزانێکى لوبنانى مەسیحى لە شارى هيوستنى ویلایەتى تەكساس لەدایکبووە.

مایکڵ میراتگری ئیمپراتۆرییەتێکی زەبەلاحی ملیار دۆلارییە کە کارە بازرگانییەکانیان لە نایجیریاوە بۆ فەرەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا درێژ دەبێتەوە.

موسعەد بولۆس باوکی زاوا عەرەبەکەی ترەمپ ساڵانێکی زۆرە لە ڕیزی کۆمارییەکانی ئەمریکادایە و ستایشی ترەمپی کردووە و بە "باشترین سەرۆک لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا" ناویبردووە .

هەفتەى رابردوو لە پاڵ هەواڵە گەرم و گوڕەکانى ئاڵوگۆڕى دەسەڵات لە ئەمریکا و جێهێشتنى کۆشکى سپى لە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، ناوى ئەم کوڕە گەنجە ملیاردێرە بە رەگەز عەرەبە، بوو بە ناونیشانى زۆربەى میدیاکانى جیهان.

لەکۆشکی سپی چەند کاتژمێرێکی کەم مابوو دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکەی رادەستی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بکات.

ئەم ساتە، بۆ زۆرێک لە ئەندامانى خێزانەکەى ترەمپ کە چوار ساڵە لەنێو بەهێزترین کۆشکى سەر گۆى زەوى دەژین، لەوەیە ناخۆشترین کاتەکانى ژیانیان بێت.

وەک ئیڤانکاى کچە گەورەى ترەمپ کە بە چاو و قوڕگى پڕ لە گریانەوە ماڵئاوایی لە کۆشى سپى کرد.

بەڵام بۆ مایکڵ و تیفانی کچە بچوکەکەى ترەمپ، پێدەچێت خۆشترین ساتەکانى ژیانى بێت، تیفانی بە وێنەیەک و پێش رۆیشتنی باوکی لە کۆشکی سپی هاوسەرگیری لەگەڵ مایکڵ بولۆس رادەگەیەنێت .

لە هەستیارترین کاتدا کە زلهێزترین وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، ئەم کوڕە بە ڕەگەز عەرەبە نایەوێت دوا ساتەکانی مانەوەی لە کۆشکی سپی بەهەدەر بدات و ئەڵقەیەکی هاوسەرگیریی کە بەهاکەی زیاترە لە یەک ملیۆن دۆلار پێشکەش بە کچی سەرۆکی ئەمریکا دەکات .

تیفانی ترەمپ چوار ساڵ لە مایکڵ گەورەترە، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە پەیوەندی خۆشەویستیدا بوون .

تیفانی، لە دایكبووی ساڵی 1993یە، کچی هاوسەری دووەمی دۆناڵد ترەمپە، لە دوای جیابوونەوەی دایکی و باوکی، لە کالیفۆرنیا لەگەڵ مارلا ماڵبز-ی دایکی دەژی، دەرچووی بەشی یاسایە .


ڕیکلام