لە هەولێر 26 کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا

  2021-01-27  | 
هەولێر
لە هەولێر 26 کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ناو شاری هەولێر 26 کیلۆ ماددەی هۆشبەر لەناو بارهەڵگرێکی ئێرانیدا دەستی بەسەرداگیرا.

بەرێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەبەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ نەهێشتن و بنبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان دوای بەدواداچوونێکی وورد لەلایەن بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ ڕێکەوتی ۲۷ / ۱ /۲٠۲۱ لە شاری هەولێر توانرا شوفێر و بارهەڵگرێکی  ئێرانی دەستگیربکرێت بەناوی ( أ ـ ر ـ م ) کەبڕی ( ۲٦ ) بیست و شەش کیلۆ ماددەی هۆشبەری هەڵگرتووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ماددە هۆشبەرەی دەستی بەسەرداگیراوە، پێکهاتووە لە جۆرەکانی کریستاڵ بەڕێژەی ( ۱٦ ) کیلۆ و تلیاک بەڕێژەی ( ۱٠ ) کیلۆ.

بەرێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان راشیگەیاندووە، بەهۆی لێهاتوویی هێزەکانمان و سەرچاوەی زانیاریەکانمان توانراوە ئەو کەسە دەستگیربکرێت.

هەر ئەمڕۆش، دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە شاری سلێمانی، كەسێكیان دەستگیركردووە كە دەیویست بڕی زیاتر لە شەش كیلۆ، ماددەی هۆشبەر ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بكات.


ڕیکلام