شیروان میرزا: لەگەڵ لایەنەکان رێککەوتووین پابەندی ئەو رێککەوتنە بن لە نێوان هەرێم و بەغدا ئیمزا دەکرێت

  2021-01-27  | 
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان رێکەوتوون، پابەندی ئەو رێککەوتنە بن کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئیمزا دەکرێت.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی دوو ڕۆژی رابردووا شاندی دانوستانکاری هەرێم لە بەغدا دوو کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجامداوە و لە کۆبوونەوەکاندا کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بە تەوای داهات وخەرجییەکانی هەرێمی کوردستان لە شاندی هەرێم کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی هەرێم بەشێکی زۆری لەو زانیاریانەی کە پەیوەستە بە داهاتی نەوتی و نانەوتی و گرێبەستەکانی نەوت و خاڵە سنورییەکان و داهاتی ناوخۆ و قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی داوە بە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق.

وتیشی، بە گشتی سەردانی شاندەکە سەردانێکی باش بوو و کۆمەڵێک بەرچاوەروونی و داتا و زانیاریان سەبارەت بە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان داوە بە لیژنەی دارایی و لەوەش گرنگتر ئەوە بووە کە ئامادەیی و توانای هەرێمیان دەربڕیوە بە پابەندبوون بەو بڕگەیەی کە ناو پڕۆژەیاساکەدا هاتووە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکراشیکرد، تاوەکو ئێستا شاندی دانوستانکاری هەرێم و بەغدا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی و ئەوان وەکو ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی رایانگەیاندووە، پیداگری لەسەر ئەو ماددەیە دەکەن کە لە حکومەتەوە هاتووە، واتە ئەوەی کە لەناو پڕۆژەیاساکەدا هەیە و حکومەتی هەرێمیش بەڵێنی داوە نەوت رادەست بکات.

وتیشی، "هەم ئێمە وەک ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی و هەمیش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری هەرێم بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقمان راگەیاندووە، پێویستە دەقێک لەناو پڕۆژەیاسای بودجەنی ٢٠٢١دا بگونجێنین کە شایستەی جێبەجێکردن بێت، ئەگەرنا تووشی هەمان حاڵەتی ٢٠٢٠ دەبینەوە و هیچ لایەنێکمان سوودی لێ نابینێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بە شیعە و سوننەوە رێکەوتوون، کە هەموو لایەکیان پابەندی ئەو رێککەوتنە بن کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئیمزا دەکرێت.

شیروان میرزا راشیگەیاند، گەشبینن بە رێککەوتنی بەغدا و هەرێمی کوردستان بۆیە سوورن لەسەر ئەوەی کە دەقێک لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١دا دابنرێت کە قابیلی جێبەجێکردن بێت و دەیانەوێت ببێت بە یاسا بۆ ئەوەی هەر لایەنێک پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

    



ڕیکلام