داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکرێت لە وتاری هەینیدا باسی فیلمە ئێرانییەکە بکەن

  2021-01-27  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ئەوقاف داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکات، لە وتاری ئەم هەینییەدا باسی ئەو فیلمانە بکەن کە لەلایەن ئێرانەوە دروستکراون، سەبارەت بە بەهاناوەچوونی هەولێر لەلایەن قاسم سولەیمانی لە شەڕی داعشدا.

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان لە رێنماییەکدا بڵاویکردەوە، بۆ رۆژی هەینی ئەم هەفتەیە دوو وتار ئامادەکراوە بۆ مامۆستایانی ئایینی و مامۆستا خۆی ئازادە بڕیار لەسەر کامیان بدات.

دوو وتارەکە بریتین لە: "چەمکی سوکایەتی پێکردن لە ئیسلامدا" و "خۆ کوشتن، هۆکار و لێکەوتە و چارەسەری".

لە رێنماییەکەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمدا هاتووە، "لەم دواییانەدا کورتە ڤیدیۆیەکی قێزەون لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە کە سەرچاوەکەی بۆ چەند شوێنێک لە ناو عێراق و دەرەوە دەگەڕێتەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو فیلمانە پڕن لە هەست و بریندارکردنی نەتەوەی کورد و بەکەم زانینین ئاڵاکی کوردستان و هەموو پێکهاتەکان لەناو کوردستان.

هەر لە رێنماییەکەدا هاتووە، "ئەو فیلمانە تا رادەیەکی زۆر دووبەرەکی دروست دەکەن و جۆرێکە لە ئاژاوەگێڕی لە نێوان نەتەوەکان و تەنانەت وڵاتەکان، کە ئەوەش بریندارکردنی هەستی نەتەوەیەک و لەکەدارکردنی مێژووی گەلی کوردە".

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، داوا لە هەموو موسڵمانان دەکەین کە پشتی یەکتر بگرن و بەو جۆرە بابەتانە هەڵنەخەڵەتێن، دەشڵێت، "با ئەو کارە قێزەونە بکەین بە خاڵی وەرچەرخان و پشتی یەکتربگرین، هەر ئەوەش ئامۆژگاری قورئان و سونەتی خۆشەویستمانە".



ڕیکلام