دادگایەکی ئەمریکا کوردێکی بە تۆمەتی وەرگرتنی ملیۆنان دۆلار بەرتیل سزادا

  2021-01-28  | 
وێنەی شوان مەلا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادگای ویلایەتی نیوجێرسی لە ئەمریکا بە تۆمەتی ساختەکاری و وەرگرتن و پێدانی بەرتیل بە بڕی ملیۆنان دۆلار، کوردێکی بەبێ ئامادەبوونی خۆی بە زیندانی هەتا هەتای سزادا.

دادگاکە رایگەیاند تۆمەتبارێکی بە رەگەز عێراقی کە خاوەنی ناسنامەی بەریتانییە و ناوی (شوان مەلایە) تێوەگلاوە لە کردەوەیەکی وەرگرتن و پێدانی بەرتیل لە چەند بەڵێننامەیەکی نێوان واشتن و بەغدا بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٩ .

بەپێی نوسراوێکی دادگاکە (شوان مەلا) تەمەنی ٦٠ ساڵە و لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیکە زانیاری متمانەپێکراویان وەرگرتووە بۆ ئەوەی بە پێدان و وەرگرتنی ملیۆنان دۆلار، ئەرکی جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوە بدەن بە لایەنێکی دیاریکراو .

هەر بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگای نیوجێرسی لە ئەمریکا، پرۆژەکان لە ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٩  بەمەبەستی ئاوەدانکردنەوەی عێراق و لەلایەن ئەندازیارانی سوپای ئەمریکاوە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا راگەیێندراون .

شوان مەلا خاوەنی (نوسینگەی بیناسازی و راوێژکاری عێراقی) بووە کە ئەو کاتە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدا بووە، تۆمەتبارکراوە بە حەوت جار ئەنجامدانی ساختەکاری و جارێک وەرگرتنی بەرتیل .

دادگاکە بۆ هەر تۆمەتێکی ساختەکانی بە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ زیندانی بۆ شوان مەلا بڕیوەتەوە، ئەویش لەکاتێکدایە بڕیارەکان بەبێ ئامادەبوونی شوان مەلا خۆی دراون و دادگای نیوجێرسی دەڵێت ئەو تۆمەتبارە تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە.


ڕیکلام