دادگای ئەڵمانیا ڕێگە نادات بە ناردنەوەی پەنابەران بۆ یۆنان

  2021-01-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بڵاویکردەوە، دادگای ئەڵمانیا بڕیاریدا چیتر پەنابەران نەگەڕێنێتەوە بۆ یۆنان.

دەزگاکە بڵاویکردەوە، بەپێی دوایین زانیارییەکانی دەزگای لوتکە، دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا بڕیاریدا کە دوو پەنابەر نەگەڕێندرێنەوە بۆ یۆنان کە مافی پەنابەرییان وەرگرتووە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی "مەترسی و مامەڵەی نامرۆڤانە" لەو وڵاتە. هەروەها دادگا ڕایگەیاند کە پەنابەرەکان پێوستییەکانیان پڕ ناکرێتەوە گەر بگەڕێنەوە یۆنان .

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆفیسی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ کۆچبەران و پەنابەران لە ڕابردوودا داوانامەی دوو کۆچبەرەکەی ڕەتکردبووەوە و بڕیاری ناردنەوەیان دەرکرا، بەڵام بڕیارەکە لەلایەن دادگای فیدرالییەوە ڕەتکرایەوە .

دادگای باڵای OVG لە ویلایەتی باکوری راین وێستفالیا بڕیاری دەرکرد کە ئەو دوو کۆچبەرەی پاراستنی نێودەوڵەتییان لە یۆنان وەرگرتووە، نابێت بگەڕێندرێنەوە .

بەپێی بڕیارەکەی دادگا، ئەو کۆچبەرانە ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە لە دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێ بوون و بازاڕی کار. وە هەر بەپێی زانیارییەکانی نوێنەرایەتی دەزگای لوتکە، لە ئێستادا یۆنانییەکانیش لە بێکاریدا دەناڵێنن، هەر بۆیە هەلی کار بە شێوەیەکی بەرچاو لە یۆناندا کەمبووەتەوە .



ڕیکلام