حکومەت پرۆژەی فرۆشتنی بەشێکی کارەبای بە کەرتی تایبەت پەسەندکرد

  2021-02-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی هەرێم لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا پرۆژەی فرۆشتنی بەشێکی وەزارەتی کارەبای بە کەرتی تایبەت و هاوبەشی پێکردنی ئەو کەرتەی لە کارەبادا پەسەندکرد.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند پەسەندکردنی ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پلانی کابینەی نۆیەمی حکومەتدایە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاشکراشیکرد پرۆژەی هاوبەشی پێکردنی کەرتی تایبەت تەنها بۆ کارەبا نابێت،بەڵکو سەرجەم کەرتەکان دەگرێتەوە.

جوتیار عادل ئاماژەی بەوەشکرد ئەمە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابەشکردنی مەترسییەکانی پرۆژە ستراتیژییەکان و رەخساندنی هەلی کار بۆ هاوڵاتیان.

پرۆژەی فرۆشتنی بەشێکی وەزارەتی کارەبا  بەتایبەت کەرتی دابەشکردن لەکۆبونەوەی رۆژی 5 ی ئایاری ساڵی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو و کاری بۆ کرا.

هاوکات دواتر وەزارەتی کارەبا ڕونکردنەوەیەکی لەسەر پرۆژەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند پرۆژەکە لەلایەن وەزارەتی کارەباوە سەرپەرشتی دەکرێت و نرخی کارەباش لەسەر هاوڵاتیان زیاد ناکات.

ڕاشیگەیاندبوو ئەم فرۆشتنە دەبێتە هۆی باشتر کۆنتڕۆڵکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی کارەبا و زیادکردنی کارەبای نیشتیمانی لە هاوین و زستان، هەروەها سەدا حەفتای فەرمانبەرانی کارەبا موچەکانیان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دابیندەکرێت



ڕیکلام