وتەبێژی حکومەتی عێراق دەربارەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ژیان دەدوێت

  2021-02-24  | 
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەمنزیکانە بەغدا و هەرێم سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی بودجە، دەگەنە رێککەوتن.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ئەنجامدا و کۆتایەکەشی لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بوو، بە تایبەتی فراکسیۆنی یەکێتی.

وتیشی، "ئەو بابەتەی باسمانکرد پڕۆژە یاسای جەژنی نیشتمانی و ڕۆژانی پشوو بوو، ئەم دوو پڕۆژە یاسایە دەمێکە لە حکومەت و پەرلەمان باسی لێدەکەین، بە بۆچوونی من یاسای جەژنی نیشتمانی خوێندنەوەی دوومی بۆ دەکرێت، ئومێدەواریشم تێبپەڕێت، ئەمڕۆش باسی ڕۆژانی پشوومان کرد، وەك دەستپێشخەریەك ئێمە کار لەسەرئەوە دەکەین کە گشت چین و توێژەکانی عێراق بە گشت ئایین و نەتەوەکانیان جەژنی تایبەتی خۆیان هەبێت و دەبێت هەموو نەتەوەکانی عێراقی ڕێزی تایبەتی خۆیان هەبێت".

سەبارەت بە كێشەی بودجەی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "چەندینجار باسی ئەم بابەتەم کردووە، ئێستا بودجە لە خاڵە کۆتایەکانیەتی بۆ دیاریکردنی پشکی کورد و شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوون و سەردانێکی تریشیان ماوە بۆ یەكلایکردنەوەی هەموو کێشەکان، بە بڕوای من بەم نزیکانە دەگەینە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانمان . "

دەربارەی ئەنجامی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر شاری هەولێر، حەسەن نازم رایگەیاند، "بابەتەکە هەر فڕۆکەخانەی هەولێر نیە، بەڵکو بۆردومانکردن و هەڕەشەکان بەردەوام ڕوبەڕووی وڵاتەکەمان دەبێتەوە، ئەم هێرشانەی کە لە ناسڕیە و هەولێر ڕوویانداوە، ئێمە ئیدانەی دەکەین و سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی ئەم لیژنانە دەکات بۆ دیاریکردنی تاوانبارەکان".

لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی هەواڵی ژیان سەبارەت بەوەی کە، کاری هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق لە ناوچەکانی مادەی 140 دەستوری عێراقی بەچی گەیشتووە و هێزەکانی پێشمەرگە دەگەڕێنەوە؟، حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی، "ببورە با ئەم پرسیارە تەرك بێت بۆ من" .

بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ و جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەکەدا، تاوەکو ئێستا شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان  چەندین جار لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی عێراق کۆبووەتەوە و رۆژی رابردووش، بۆ ئەو مەبەستە و جارێکی دیکە شاندی دانوستانکاری هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گەڕایەوە بەغدا.



ڕیکلام