وەزارەتی پەروەردە کاتی تاقیکردنەوەکانی خوێندنگا ناحکومییەکانی ئاشکراکرد

  2021-02-24  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم و وەرزی دوەمی خوێندنگا ناحکومییەکانی دیاریکرد و چەند رونکردنەوەیەکیشی لەبارەی ئەو خوێندکارانە بڵاوکردەوە کە بەشداریی خوێندنی ناو پۆل ناکەن.

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوەم بەبڕیاری د.سەیوان عەلی رەزا بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی ئەزمونەکان کاتی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە ناحکومییەکانی بەمشێوەیە دیاریکراوە: تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەمی خولی یەکەم ( 60) نمرە لە رۆژی شەممە 6-3-2021 دەستپێدەکات و رۆژی دوشەممە 15-3-2021 کۆتایی دێت بەپێی خشتەیەکی تایبەت کە قوتابخانە دیاریی دەکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دوەمی خولی یەکەم (60 نمرە) لە رۆژی شەممە 5-6-2021 دەستپێدەکات و لە رۆژی دوشەممە 14-6-2021 کۆتایی دێت بەپێی خشتەیەکی تایبەت کە قوتابخانە دیاریی دەکات، هەروەها تاقیکردنەوەی خولی دوەم وەرزی یەکەم و دوەم لە رۆژی شەممە 4-9-2021 تاوەکو 16-9-2021.

هەر بەپێی بڕیارەکە و سەبارەت بە دانانی نمرەی هەڵسەنگاندنەکانی بازنەی یەکەم پۆلی (1 و 2 و 3 ) بنەڕەتی، ئەوا پێویستە نمرەی هەڵسەنگاندنی چوارەم لەکاتی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزەکان بۆ قوتابیان و خوێندکاران دابنرێت. بە رەچاوکردنی رێکەوتنی تاقیکردنەوەی وەرزییەکان کە ئاماژەپێدراوە لەسەرەوە.


 گشتاندنی دوەمی وەزارەتی پەروەردە :

دوابەدوای فەرمانی وەزاری ژمارە 22 لە 14-1-2021 ئەم رونکردنەوانەی خوارەوە دەخەینەڕو :

١-سەبارەت بە بازنەی یەکەمی قۆناغی بنەڕەتیی پۆلی (1-2-3) لەو قوتابی و خوێندکارانەی کە فۆرمیان پڕکردوەتەوە بەشێوەی ئارەزومەندانە بەشداریی خوێندنی ناو پۆل ناکەن ئەوا پێویستە لەکاتی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی پۆلە ناکۆتاکانی 4 تا 11 ئامادەبن لە قوتابخانە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنیان لەلایەن مامۆستای بابەت لەسەر 100 نمرە بۆ دەکرێت بەپێی خشتەیەکی تایبەت لەلایەن قوتابخانەوە بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان .

٢-بۆ تۆمارکردنی نمرەی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە خاڵی 1 سەرەوە ئەوا پێویستە نمرەکان بەدەستهاتو بکرێنە چوار هەڵسەنگاندن و لە سیستەمی ئی پەروەردە تۆمار بکرێن .

 ٣-سەبارەت بەو قوتابی و خوێندکارانەی بەشداریی خوێندنی ناو پۆل ناکەن لە پۆلەکانی 4 تاوەکو 12 ئەوا پێویستە قوتابی بەردەوام بەدواداچون بۆ کاتی تاقیکردنەوەکانی نوسینەکیی (20%) بکەن و خشتەی تاقیکردنەوەکان لەلایەن قوتابخانەوە رابگەیێندرێت چ لە رێگای هەڵواسینی ئاگادارکردنەوەکان و چ بە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت بۆ ئەوەی قوتابی بەشداریی ئەو تاقیکردنەویە بکات و ئەگەر قوتابی بەشداریی نەکرد ئەوا نمرەی سفری بۆ دادەنرێت لەو تاقیکردنەوەیە .

٤-ئەو قوتابی و خوێندکارانەی بەشداریی خوێندنی ناو پۆل ناکەن بەشێوەی ئارەزومەندانە ئەوا ئەوا بۆ دانانی نمرەی هەردو هەڵسەنگاندنەکان (10%)، نمرەی بەدەستهاتووی تاقیکردنەوەی نوسینەکیی (20) دەکرێتە نیوە لە شوێنی هەردو هەڵسەنگاندنەکان دادەنرێت لە سیستەمی ئی پەروەردە و تۆماری نمرەی مامۆستایان. بە رەچاوکردنی ئەوەی تاقیکردنەوەی وەرزییەکان لەسەر 60 نمرە دەبێت .

٥-قوتابیانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لەو وەرزەی یەکەم تەنیا نمرەی تاقیکردنەوەی هەردو هەڵسەنگاندنەکان 10% و تاقیکردنەوەی نوسینەکی 20% دەبێت بۆ هەر وەرزێکی خوێندن واتا 40% بۆ هەر وەرزێک و پاشان نمرەی هەردو وەرز کۆدەکرێتەوە دابەشی دو دەکرێت بە مەبەستی دەرهێنانی نمرەی کۆشش. لەم قۆناخە قوتابی خوێندکاری تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزەکان ناکات و تاقیکردنەوەی نیشتمانیی لە رێکەوتی 16-11-2021 لەسەر 60 نمرە دەکەن .

٦-سەبارەت بە قوتابیانی دەرەکی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی ئەوا تەنها بەشداریی تاقیکردنەوەی نیشتمانی دەکەن لەسەر لە (100%) نمرە دەبێت .

7- پێویستە تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لەگەڵ تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکانی بێت بە رەچاوکردنی ئەوەی هەمو ئەو قوتابخانەی دو دەوامن و یان ئێوارانن و یان خوێندنی خێران، ئەوا لەگەل قوتابیانی خوێندنی رۆژ بەکاتی بەیانیان بەشداریی تاقیکردنەوەکان بکەن.



ڕیکلام