مەسرور بارزانی: زانیاریمان هەیە کێ هێرشەکەی سەر هەولێری ئەنجامداوە

  2021-02-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەکان لە هێرشە موشەکیکەی سەر هەولێر ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە و زانیاریان هەیە کێ هێرشەکەی ئەنجامداوە

مەسرور بارزانی لەمیانەی وتارێکدا لە کردنەوەی بەشی یەکەمی قۆناغی یەکەمی شەقامی 150 مەتری هەولێر ڕایگەیاند لایەنە ئەمنیەکان زانیاری وردیان لەسەر هێرشەکان کۆکردۆتەوە.

وتیشی دوای کۆکردنەوەی زانیارییەکان پەیوەندی بە مستەفا کازمیەوە کردوە و زانیارییەکان پێداوە و بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانان سودی لێ وەربگیرێت بۆ ئەو لیژنەیەی لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی زانیاریمان هەیە چی لایەنێک هێرشەکانی ئەنجامداوە بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی لێکۆڵینەوەکان زانیارییەکان ئاشکراناکەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا لایەنە ئەمنیەکان وردەکاری لێکۆڵینەوەکان ئاشکرادەکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پەیوەندی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە کرد و گفتوگۆیان لەسەر هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێر کرد.

لە شەوی 14 ی شوبات زیاتر لە 14 موشەک ئاراستەی شاری هەولێرکرا و بەهۆیەوە 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 7 کەسی دیکەش برینداربوون،روداوەکەش کاردانەوەی زۆری ناوخۆی و جیهانی لێکەوتەوە.


ڕیکلام