قاسم ئەعرەجی: هێزی ناتۆ لە عێراق هێزی شەڕکەر نییە

  2021-02-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، لەناو ئەو نوێنەرایەتیەی پەیمانی ئەتلەسی کە هاتوونەتە عێراق هیچ سەربازێکی جەنگاوەری تیا نییە.

ئەعرەجی لە وتەیەکدا کە لە پانێڵێک کە تایبەت بوو بە پەیوەندی نێوان عێراق و ناتۆ   لە سەنتەری (نەهرەین) بۆ پرسە ستراتیژییەکان پێشکەشی کرد ڕایگەیاند، وڵاتان بەگوێرەی بەرژەوەندی و داخوازییە ئەمنییەکانیان کار دەکەن، ئەو هەڵوێستەش پەیوەندی بە بڕیارە سەروەرییەکانییەوە هەیە، بۆیە شتیکی سروشتییە عێراق هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی بکات، لەبەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی.

ئەعرەجی جەختیکردەوە، نوێنەرایەتی ناتۆ بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق کاردەکەن، ئەوانیش کۆمەکی ڕاوێژکاری پێشکەش بە عێراق دەکەن، ئەوانیش سوود لەو کۆمەکە وەردەگرن بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای هیزە سەربازیی و ئەمنییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی خولی پێداچوونەوە بە توانا و گەشەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیدا دەکات و هەڵسەنگاندانیان بۆ دەکات.

لە کۆتایی وتەکانیدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق جەختیکردەوە، بڕیاری عێراق سەروەرییانە و ئەو نوێنەرایەتیەی ناتۆش ڕاوێژکار و کەسانی ئیداری و هەونەری لەخۆ دەگرێت و بە هیچ شێوەیەک یەک جەنگاوەریان لەگەڵدا نییە.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتی هاتنی ژمارەیەک ڕاوێژکار بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوی ناتۆ هاتنە عێراق، دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و چەند لایەنێک ئاماژەیان بەوەکرد، هاتنی ئەو هێزەی ناتۆ بە پشتیوانی ئەمریکا هاتووە و دەیەوێت جارێکی تر لەژێر ناوی ناتۆدا بێتەوە ناوخۆیی عێراق.



ڕیکلام