ئەمریکا هۆشداری دەدات و سەرۆکی هەرێم و حکومەتیش دەیشارنەوە

  2021-02-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جارێکى تر سەرۆکى حکومەتى هەرێم و سەرۆکى هەرێمى کوردستان، تەوەرێکی گرنگى کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا دەشارنەوە و لە راگەیەندراوەکانیاندا ئاماژەى بۆ ناکەن.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، ئەمریکا لەبارەی ئازادی رادەربڕین دووجار لەسەر ئاستی باڵا هۆشداری بە هەرێمی کوردستان داوە، لە هەردوو جارەکە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت ویستویانە ئەو ناڕەزایەتی و نیگەرانییەى ئەمریکا لە هەرێم و بە تایبەت پارتى دیموکراتى کوردستان لە خەڵک بشارنەوە بەڵام دواتر ئاشکرا بوون.

رۆژى چوارشەممە ماتیو تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ کۆبووەوە.

نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەرچەندە پێشتر ناڕەزایەتى لە سزادانى دەستگیرکراوەکانى بادینان دەربڕى، بەڵام لە دواى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ باڵیۆزى ئەمریکا هیچ ئاماژەیەکى بەوەنەکرد کە باسى ئازادى رادەربڕینیان کردبێت، هەرچى سەبارەت بە مەسرور بارزانى و رێبەر ئەحمەدە، ئەوانیش بە هیچ جۆرێک ئاماژەیان بەوەنەکردووە کە باسى ئەو پرسەیان کردبێت.

بەڵام جیاواز لە راگەیەندراوى بەرپرسانى هەرێم، باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا تەوەرەکانی کۆبوونەوەکانى بە وردی ئاشکراکرد و تێیدا بابەتی جیاوزتر لەوان باس دەکات.

باڵیۆزخانەى ئەمریکا دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکان باڵیۆز تولەر جەختیکردەوە لە گرنگی ئازادی رادەربڕین و ئازادی راگەیاندن و ئاماژەی بەوەدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەمێنێتەوە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر ئەم پرسە و دڵنیاییدا لە پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ حکومەتەکەی بایدن".

بەشێک لە چاودێران دەڵێن، ئامانجى سەرەکى سەردانى ئەمجارەى باڵیۆزى ئەمریکا لە بەغدا بۆ هەرێمى کوردستان لەسەر پرسى ئازادى رادەربڕین و ئەو نیگەرانییە بووە کە لە پارتى دیموکراتى کوردستان هەیەتى، بە تایبەت پاش ئەوەى لە 16ى ئەم مانگە دادگاى دووى تاوانەکانى هەولێر 5 رۆژنامەنووس و چالاکوانى بادینانى بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزدا.

ئەمریکا هەر زوو نیگەرانى لە بڕیارەکەى دادگاى هەولێر نیشاندا و رۆژى 19ى شوبات لەرێى باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى لە بەغدا، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەى بەوەکردووە، "بە وردی چاودێری دەستگیرکردن و پاشان دادگایکردنەکانی ئەم دواییەی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانمان کردووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربارەی پرسی ئازادیی رادەربڕین و لەو نێوەندەشدا ئازادی بۆ ڕاگەیاندکاران بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیش دەبێت لەسەری".

باڵیۆزخانەى ئەمریکا دەشڵێت: کۆمەڵگا دیموکراتییەکان ڕێز لە ئازادیی ڕادەربڕین دەگرن و پشتیوانی لە راگەیاندکاران دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە بێ ترس و تۆڵەسەندنەوه.

ئەمە یەکەم جار نییە بەرپرسانى حکومەتى هەرێم تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا لە هاوڵاتیان دەشارنەوە، پێشتریش لەسەروبەندى دەستگیرکردنى رۆژنامەنووس و چالاکوانەکانى بادینان لە کۆتایی ساڵى رابردوودا، مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەو کاتەى ئەمریکا پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لەگەڵ مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئەنجامدا، نوسینگەی رۆژنامەوانى مەسرور بارزانی بەشێک لە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیان شاردەوەو باسیان لەوە نەکرد کە پۆمپیۆ جەختی لە ئازادی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، تاوەکو خۆی لە تویتەر رایگەیاند کە باسیان لەو بابەتە کردووە.

ئەوەش چەندەمین جارە لە کابینەی نۆیەمى حکومەتى هەرێم، وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری لە بارەی ئازادی راگەیاندن و بیروڕا دەدەن، چاودێران وای دەبینن کە ئەوە دەرخەری ئەوەیە رێگری لە خۆپیشاندان و دەستگیرکردنی چالاکانی مەدەنی لە هەولێر و دهۆک ناوبانگی هەرێمی کوردستانى لەکەدارکردووە.

لە 6 مانگی کۆتایی ساڵی رابردووەوە، لە سنوری بادینان و هەولێر سەدان رۆژنامەوان و چالاکی مەدەنی تەنیا بەهۆی نییەتی خۆپیشاندان و بەشداری لە خۆپیشاندان دەستگیرکراون، هەندێک ئاماری نافەرمی باس لەوە دەکەن کە لەو ماوەیەدا زیاتر لە 350 کەس دەستگیرکراون و بەشێکیان تاوەکو ئێستان لە زیندانەکانی ئاسایشی هەولێردا ماونەتەوە.



ڕیکلام