سۆمۆ: ئامادەین دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرین

  2021-02-26  | 
ئابووری
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، پاش رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، ئامادەن دۆسیەی نەوتی هەرێم وەربگرن.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (واع)، عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، رایگەیاندووە، دوای رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، ئامادەن دۆسیەی نەوتی هەرێم وەربگرن، چونکە حکومەتی فیدڕاڵی دەسەڵات و توانای بەڕێوەبردنی کۆی گشتی دۆسیەی نەوتی هەیە.

ئاشکراشیکردووە، سەرەتای مانگی داهاتوو کۆبوونەوەی وڵاتانی ئۆپێک بەڕێوەدەچێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لەو زیادکردنەش عێراق دەتوانێت، رۆژانە ٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بەرهەمبهێنێت.

بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی بودجەی ٢٠٢١ی عێراق و دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەکەدا، تاوەکو ئێستا شاندی هەرێم زیاتر لە 10 جار سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ حکومەت و سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاران کۆبونەوەیان کردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەربڕیووە، بەڵام بەشێک لە لایەنە سیاسیە شیعەکان داوای ڕادەستکردنی کۆی دۆسیەی نەوتی هەرێمیان کردووە.

بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە شاندی دانوستانکاری هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا بکاتەوە.



ڕیکلام