باڵیۆزی فاتیکان لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوو

  2021-02-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میتجا لیسکوفار باڵیۆزی فاتیکان لە عێراق، کە کەسایەتی سەرەکی دادەنرێت بۆ ڕێکخستنی سەردانە چاوەروانکراوەکەی پاپا بۆ عێراق، رایگەیاند بەگوێرەی پشکنینەکانی دەرکەوتووە تووشی کۆرۆنا بووە.

باڵیۆزی فاتیکان لە عێراق وتی "زۆرێک لە فەرمانبەر و کارمەندانی باڵیۆزخانەکە کەرەتین دەکرێن، بەڵام ئەوە کاریگەریی نابێت لەسەر پرۆگرامی سەردانەکەی پاپا، وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە".

لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای گشتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، هەموو پێداویستییەکیان دابینکردووە، بۆ خزمەتگوزاری سەردانەکەی پاپا لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە سەردانی دەکات.

کۆمپانیای گشتی گواستنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە و پاسی (ڤی ئای پی) و پێداویستی تایبەت بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پاپا فەراهەمکراوە و دڵنیایی هەموو شتێکیان کردووە.

بڕیارە لە ٥ی مانگی ئازار پاپای ڤاتیکان بە سەردانێکی ٤ ڕۆژە بگاتە عێراق و، جگە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی دەوڵەت، سەردانی شاری نەجەف دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و سەردانی شاری ئوردی مێژوویی و بەڕێوەبەردنی قوداسێکی ئایینی لە بەغدا و دواتریش سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان.

لە دوای ساڵی ٢٠١٩وە ئەوە یەکەم سەردانی پاپا فڕانسیس پاپای ڤاتیکانەوە بۆ دەرەوەی وڵات، کە بەهۆی ڕێوشوێنەکانی پەتای کۆرۆناوە، چالاکی و دەرکەوتن و پێشوازییەکانی پاپا زۆر سنوردار کرابوون.



ڕیکلام