بایدن: بە فەرمانی من هێرشەكەی ئەلبوكەمال ئەنجامدرا

  2021-02-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند، هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر گرووپەكانی حەشدی شەعبی لە سوریا، بە فەرمانی ئەو بووە و وەڵامێك بووە بۆ هێرشەكەی سەر هەولێر.

جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نامەیەكی ئاراستەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی كردووە و لەبارەی هێرشەكەی رۆژی هەینی  وردەكاری خستووەتەڕوو دەڵێت، بە فەرمانی ئەو هێزەكانی ئەمەریكا ئۆپراسیۆنێكی سەربازیان لە رۆژهەڵاتی سوریا دژی گرووپە چەكدارەكانی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریان دەكرێ ئەنجامداوە. 

سەرۆكی ئەمریكا وتوشیەتی: ئەو گرووپە میلیشیایانە بەشداریان لە هێرشەكانی ئەمدوایە دژی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق كردووە كە لە شەوی 15ی شوباتی شاری هەولێر ئەنجامدرا و بە هۆیەوە ئەندامێكی یەكەی خزمەتگوزاری ئەمریكا و چوار بەڵێندەری دیكەی وڵاتەكەمان برینداربووە كە برینی یەكێكیان سەختە، هاوكات، بەڵێندەرێكی فلیپینیش كوژرا.

ئەو لە نامەكەدا كە لە ئەنجامی رەخنەی ئەندامانی كۆنگرێس ئاراستەی كردووە دەشڵێت: ئەو گرووپانە بەشداردەبن لەهێرشی دیكەی هاوشێوە لەداهاتوودا، لەوەڵامی ئەوەشدا من وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا بەشێوەی راستەوخۆ فەرمانم بەهێزەكان كرد لەپێناوی بەرگریكردن لە ستافی دپلۆماسی و سەربازی ئەمریكا و هاوپەیمانانمان هێرشبكرێتە سەر گرووپە میلیشیاكان. 

ئەوەش دوای ئەوەهات هەردوو ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لەپارتی دیموكراتەكان (تیم كەین و كریس مورفی) لەگەڵ رۆخانای پارتی كۆماری رەخنەیان لەهێرشەكانی ئەمریكا بۆسەر هێزە میلیشیاكانی سوریا گرت كە تێیدا زیاتر لە 20 چەكداری نزیك لەئێران كوژران و داوای رونكردنەوەی بەپەلەیان لە كابینەی حكومەتەكەی بایدن كردبوو.

 بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئەمریكا لە ئەلبوكەمال بە دوو فڕۆكەی جۆری ئێف 15 سترایك ئیگڵز حەوت مووشەكی ئاراستەكراویان خستەخوارەوە و لە ئەنجامدا 9 پێگەیان بە تەواوی وێرانكرد و زیانیشیان بە دوو پێگە گەیاند. 


ڕیکلام