مەسرور بارزانی: زەمینەی ئازادی رادەربڕینمان بۆ راگەیاندنکاران دەستەبەرکردووە

  2021-03-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بەهەموو شێوەیەک داکۆکی و پشتگیری لە ئازادی کاری رۆژنامەگەریی دەکەن و بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنکاران بەتوانن بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵ کاری خۆیان بکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێم، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ نەقیب و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان مەسرور بارزانی ئەوەشی وتووە ئازادی رادەربڕین بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم راشیگەیاندوە" حکومەتی هەرێمی کوردستان، زەمینەی ئازادی رادەربڕینی بۆ راگەیاندنکاران دەستەبەر کردووە بۆ ئەوەی رۆڵی کاریگەری خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن.

هەروەها مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردوە راگەیاندنکارانی کوردستان، نابێ رێگە بدەن پیشەی پیرۆزی رۆژنامەگەریی، بە مەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت ".

لە کۆبونەوەکەدا ئازاد محەمەد نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیش ڕایگەیاندوە لە هەرێمی کوردستان، ئازادی راگەیاندن هەیە، بەڵام  کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان ، لە رووی یاسایی و پیشەییەوە، پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە بۆ ئەوەی رێگری لەو پشێوییە بکرێت کە لە بواری راگەیاندن هەیە ".


ڕیکلام