بەتۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە کەسێک لە سلێمانی دەستگیرکرا

  2021-03-02  | 
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەتۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی کەسێکی دەستگیرکرد.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەسەر بنەمای هەبونی زانیاری پێشوەختە، هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی کەسێکیان بەناوی (م، ص، م، م) لەبەرواری ( ۲۷_٢_٢٠٢١ )  دەستگیرکرد، کە لە ڕیزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بوو".

ئاشکراشیکردووە، تۆمەتبارەکە لەساڵی (۲۰۱٤) لە پارێزگای سەلاحەدین لە قەزای بێجی پەیوەندی کردووە و بەیعەتی بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام داوە، تاوەکو ساڵی (۲۰۱٥) لە عێراق لەگەڵیان ماوەتەوە، پاش تێکشکاندنی ڕیزەکانی داعش لە سنوری پارێزگای سەلاحەدین، دەچێتە سوریا و لەوێش بەردەوامدەبێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تۆمەتبارەکە لە مانگی شوباتی رابردوو گەڕاوەتەوە عێراق و چووەتە پارێزگای هەولێر تاوەکو (۲٦_٢_٢٠٢١) لەوێ نیشتەجێ بووە، پاشان هاتووەتە سنوری پارێزگای سلێمانی و لە (۲۷_٢_٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکراوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی راشیگەیاندووە، تۆمەتباری دەستگیرکراو لە نەتەوەی عەرەبە و سەر بەعەشیرەتی الدلیمیە و خێزاندارە، لەبنەچەدا خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەبڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی (٢)ی تێرۆر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.



ڕیکلام