سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ڤاکسینی کۆرۆنا سەرەتا بەسەر ئەو گروپانەدا دابەشدەکرێت کە له هێڵی پێشەوەن و مەترسییان لەسەرە، دەشڵێت، ده‌بێت ڤاكسین بۆ زیاتر له 6 ملیۆن هاووڵاتی هەرێم دابین بكه‌ین.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "خۆشحاڵم به گه‌یشتنی یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژ به ڤایرۆسی کۆڕۆنا (COVID-19 ) بۆ هه‌رێمی كوردستان، کە لە لایەن وڵاتی چینەوە بەخشراوە" .
دەشڵێت، "سوپاسی کۆماری چین ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م هاوكارییه مرۆییە، كه هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ هەوڵەکانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌مان دژ به ڤایرۆسه‌كه و پاراستننی پزیشكان و كارمه‌ندانی هێڵی پێشه‌وه . "
ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش په‌سه‌ندكردنی پلانی دابه‌شكردن، ڤاكسینه‌كان بۆ سه‌نته‌رەکانی دیاریكراو له هەموو پارێزگاکان، دابین ده‌كرێت تاوەکو بدرێت به‌و گرووپانەی له هێڵی پێشەوەن و مەترسییان لەسەرە .
ئەوەشی خستووەتەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ، کار ده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڤاكسین و دڵنیابوون لە دابینکردنی بەشی هەرێم لەو بڕە ڤاکسینەی بە حکومەتی فیدراڵ دەدرێت، ئێمە لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین، ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیداین بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە، "من بەجیددی کار لە سەر ئەم بابەتە دەکەم و بەدواداچوون ده‌كه‌م بۆ دڵنیابوون لەوەی، هەر کوردستانییەک بە زووترین کات ڤاكسینی پێ بگات" .
دووپاتیشیکردووەتەوە، "بێگومان ئەمە كارێكی ئاسان نابێت، بەڵام ده‌بێت ڤاكسین بۆ زیاتر له 6 ملیۆن هاووڵاتی هەرێم دابین بكه‌ین، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا كار له سه‌ر ئەنجامدانی بەرنامەیەکی کوتانی گشتگیر بۆ دانیشتووانی هەرێم دەکات، كه تیمی ته‌ندروستی و کارمەندانی هێڵی پێشه‌وه‌ی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و كارمه‌ندانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان هەیە دەگرێتەوە. پاشان كوتانی زۆرترین ڕێژه‌ی هاووڵاتیان به‌پێی ته‌مه‌ن و ڕێنماییە دیاریکراوەکان دەست پێ دەکات".
سەرۆکی حکومەتی هەرێم راشیگەیاندووە، "دڵنیام ده‌توانین باردۆخه‌كه ئاسایی بکەینەوە، بەڵام بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بە تەنیا ئەمە بکات، بۆیە دەبێت هاووڵاتییان بەگشتی، هاوکار و یارمەتیدەر بن و ڕۆڵی خۆیان لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بگێڕن . ئه‌مه‌ش لە ڕێگەی پابەندبوون بە ڕێنماییه‌كانی تەندروستی و ڕێکارەکانی خۆپارێزی کە لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگەیە بە گشتی".
ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی٣ی٢٠٢١، یەکەم کاروانی ڤاکسینی سینۆفارمی چینی گەیشتە هەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لە 5000 هەزار دۆز لە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا.