ئەمریكا دەست بە ئاساییكردنەوەی ژیان دەكات

  2021-03-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا بڕیاردا بەستنی ماسك بە ناچاری لابەرێت و لە هەفتەی داهاتووەوە دەست دەكات بە ئاساییكردنەوەی ژیان لە ویلایەتەكەدا.

گریگ ئابۆت، پارێزگاری ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا، رایگەیاند دوێنێ سێشەممە زۆرترین ژمارەی چاكبوونەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە بۆیە رازی بووین بەوەی بڕیاری بەستنی ماسك بەشێوەی ناچاری هەڵبگیرێت. 

ئەو بڕیارەی ویلایەتی تەكساس دوای ئەوە دێت كە ژمارەی تووشبوون لە ئەمریكا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، لەبەرامبەردا ژمارەی چاكبوونەوە زیادیكردووە، هەر بۆیە بڕیاریانداوە لە هەفتەی داهاتوەوە دەست بەكەن بە كردنەوەی ئەو قوفڵانەی كە لە ماوەی ساڵی رابردوو داخرابوون. 

گریگ ئابۆت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێستا كاتی كردنەوەی 100%ی تەكساسە بۆیە دەستمانپێكردووە و تا 10ی ئازار كاریگەری فەرمانەكان بەتەواوی دەردەكەون. 

بەگوێرەی بڕیاری ویلایەتەكە زۆرینەی كۆتوبەندی سەر بازرگانی و كۆمپانیاكان لە هەفتەی داهاتوودا هەڵدەوەشێتەوە،  پارێزگاری ویلایەتەكە وتیشی: بڕیاری لابردنی ئەو سنورداركردنەی رابردوو لە ویلایەتەكەمان دوای ئەوە دێت كە سێهەم ویلایەتی ئەمریكین زۆرترین ژمارەی كوتانمان  ئەنجامداوە كە 5.7 ملیۆن كەس بووە بۆ كۆی 29 ملیۆن دانیشتوانی ویلایەتەكە. 

بە گوێرەی وتەی نوسینگەی پارێزگاری ویلایەتەكە تا كۆتایی ئەم مانگە هەر كەسێكی پێگەیشتوو ئەگەر بیەوێت ڤاكسین وەربگرێت دەتوانێت بەدەستی بهێنێت، بەڵام بڕیاری ویلایەتەكە پێچەوانەی بڕیاری كابینەی حكومەتەكەی جۆبایدنە كە حاكمی ویلایەتەكە لە حزبی كۆماریەكانە. 

تا ئێستا ئەمریكا سورە لەسەر بەستنی ماسك بەشێوەی ناچاری بۆ هاوڵاتیان بەڵام بڕیارەكەی تەكساس پێچەوانەی بڕیاری حكومەتە و لە داوین لێدوانیشیدا جۆ بایدن بەبێ ئەوەی باسی بڕیاری ویلایەتی تەكساس بكات وتی: ئێستا كاتی دەستبەرداربوون نییە ئێستا كاتی ئەوە نییە كە پاراستنەكانمان دابەزێنین ژیانی خەڵك لە مەترسیدا. 

تا دوێنێ 35 ویلایەتی ئەمریكا سورن لەسەر فەرمانیان بە هاوڵاتیان كە ماسكی دەم و چاو بەكار بهێنن، بەپێی ناوەندی كۆنتڕۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشیەكان، زیاتر لە 51 ملیۆن ئەمریكی كە دەكاتە لە 15٪ كۆی دانیشتوانی ئەمریكا، بەلایەنی كەمەوە یەك دۆزی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە. 


ڕیکلام