لە كەركوك رۆژانی قەدەغەی هاتووچۆ بەنزین نافرۆشرێت

  2021-03-06  | 
 سۆران عەبدولکەریم
بەڕێوبەرایەتی بەرهەمە نەوتیەكانی كەركوك رایگەیاند، ڕۆژانی سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لەشارەكە تەنها بەنزین بەسەر ئەو كەسانە دابەش دەكرێت كە بڕیارەكانی قەدەغەی هاتووچۆ نایانگرێتەوە.


محمد فائق تاڵەبانی، بەڕێوبەری لقی كەركوكی بەڕێوبەرایەتی بەرهەمە نەوتیەكان، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ووت: تەنها كارمەندانی ئەمنی و تەندروستی و فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتیە خزمەتگوزاریەكان و ڕۆژنامەنووسان لەڕۆژانی قەدەغەی هاتووچۆدا ڕێگەیان پێ دەدرێت بەنزین لەوێستگە حكومیەكان وەربگرن. 

تاڵەبانی وتیشی: سەرجەم وێستگە حكومیەكان بۆ ئەو خەڵكانەی بڕیاری قەدەغە نایانگرێتەوە كراوە دەبن بەمەبەستی ئاسانكردنی كارەكانیان لەپارێزگاكە، ئەوەش پاڵپشت بەبڕیاری شانەی قەیرانەكان ئەو ئاسانكاریە دەكرێت. 

جگە لەو خەڵكانەی لە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بەخشراون لە 3 ڕۆژی قەدەغەی هاتووچۆدا رێگە نادرێت هیچ كەسێكی دیكە بەنزین لە بەنزینخانە حكومیەكان وەربگرێت. 

ئەوەش لەكاتێكدایە بە بڕیاری حكومەتی عێراقی هەفتانە رۆژەكانی پێنج شەممە و هەینی و شەممە قەدەغەی هاتووچۆیە لە شارەكانی عێراقدا، بەڵام چوار رۆژەكەی دیكەی هەفتە هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە. 

بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو عێراق كۆمەڵێك بڕیاری بۆ رێگریكردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە دەركردووە كە بڕیاری هەفتانە سێ رۆژ قەدەغەی هاتووچۆ لە نێو ئەو بڕیارانەدایە. 


ڕیکلام