یوسرا رەجەب: تێگه‌یشتنه‌كانی هه‌رێم و بەغدا گه‌یشتنه‌ بنبه‌ست

  2021-03-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانتارێکی کورد ڕایگەیاند بەهۆی ڕازی نەبوونی وەفدی هەرێم بە هیچ کام لە بژاردەکانی بەغدا، تێگه‌یشتنه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵ گه‌یشتنه‌ بنبه‌ست.

یوسرا رەجەب ئەندامی پەرلەمانی عێراقی سەر بە تەڤگەری ئازادی لە وتارێکدا پەیجی فەرمی خۆی ڕایگەیاندوە لایەنە عێراقیەکان لە کاتی دواین سەردانی وەفدی هەرێمدا چوار بژاردەیان خستۆتەر بەردەستیان،بەڵام وەفدەکە بە هیچ کامیان ڕازی نەبوون.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرایکردوە بژاردەکان بریتی بوون لە

1-بەغدا ئاماده‌یە هه‌موو شایسته‌ دارایییه‌كانی كۆمپانیا نه‌وتییەكان ‌بدات به‌مه‌رجێک چاو بەسەرجەم گرێبەستە نەوتییەکاندا بکرێت لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان هەرێم وبەغدا. .

2-دامه‌زراندنی كۆمپانیایه‌كی نه‌وتی ناوبنرێت "كۆمپانیای نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان"په‌یوه‌ستبێ به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ، سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ره‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بن و هه‌نارده‌ كردنی نه‌وتیش له‌ ڕێگه‌ی سۆمۆوه‌ بێ .

3-هەرێم خۆی كاری ده‌رهێنانی نه‌وت و گواستنه‌وه‌ و هه‌نارده‌كردنی بکات، به‌ڵام به‌مه‌رجێ نه‌وته‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی سۆمۆوه‌ بچێ بۆ جیـــهان بۆ ئه‌وه‌ی سۆمۆ سه‌رپه‌رشتی بكا وبزانین چه‌ند به‌رمیل نه‌وت هــه‌نارده‌ ده‌كه‌ن .

4-هەرێم خۆی كاری ده‌رهێنانی نه‌وت و گواستنه‌وه‌ی وهه‌نارده‌كردنی و فرۆشتنی بکات به‌ڵام ( ئه‌قیامی نه‌وت) واتا بڕه‌ پاره‌ی فرۆشتنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ رادەست بكه‌ن به‌ ئه‌و نرخه‌ی سۆمۆ ده‌ستنیشانی ده‌كات،.

یوسرا رەجەب ئاماژەی بەوەشکردوە وەفدی هەرێم بە هیچ کام لە بژاردەکان ڕازی نەبووە و تەنها داوای پشکی خۆی کردوە بەبێ ئەوەی هیچ پابەندیەک جێبەجێبکات.

ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاندوە رێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا کاریگەری هەبوو لەسەر کۆبونەوەکانی پەرلەمان و وایانکرد ئێستا دەنگ بە یاسای دادگای فیدراڵی دەدرێت، کە دەبوو لە هەفتەی پێشوو دەنگ بە بودجە بدرایە.

یوسرا رەجەب هۆکاری خستەپیشی یاسای دادگای فیدراڵیش بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە ده‌كرێ یاسای بودجه‌ بێ كورد تێپه‌ڕێنرێت، به‌ڵام یاسای دادگای فیدڕاڵ هه‌رگیز بێ كورد تێپه‌ر نابێت، بەمەش هێزه‌ عێراقییەکان توانیان گۆڵی خۆیان لە کورد بكه‌ن.

ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی مانگێک زیاترە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 لە لیژنەی دارایی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بەهۆی رێکنەکەوتن لەسەر پشکی هەرێم و ڕادەستکردنی نەوت و چەند کێشەیەکی دیکەوە هێشتا نەتوانرا دەنگ بە پرۆژە یاساکە بدرێت.

لەلایەکی ترەوە ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند هەوڵێک هەیە لەناو پەرلەمان کە دەنگ بە یاسای بودجە نەدرێت و کار بە یاسای بودجەی 2019 بکرێت.

لەکاتی ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە،هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا گەیشتنە رێکەوتن و پشکی هەرێم بە زیاتر لە 13 تریلیۆن دینار دیاریکراوە،لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم رۆژانە پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە فیدراڵیەکان ڕادەستی بەغدا بکات.

بەڵام لەوکاتەوەی پرۆژەی بودجە گەیشتۆتە پەرلەمان زیاتر لە 13 جار وەفدی هەرێم سەردانی بەغدای کردوە و لەگەڵ کۆی لایەنەکان و سەرۆکایەتیەکان و پەرلەمانتاران کۆبوەتەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ ڕێکەوتن و ڕادەستکردنی نەوت دەربڕیووە و چەندین جار حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندوە هیچ بیانویەکیان بۆ بەغدا نەهێشتۆتەوە و هەموو ئامار و داتاکانیان ڕادەستکردوە.


ڕیکلام