دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا دەستیپێکرد

06/04/2021
فۆتۆ: 

دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بە نێوەندگیری ئەوروپا دەستیپێکرد.

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، بەئامانجی گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتنەکە، پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ سێشەممە ٦ی٤ی٢٠٢١، کۆبوونەوەی نوێنەرانی ئێران و وڵاتانی 4+1 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەستیپێکردووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە کە کۆبوونەوەکە بەبەشداری بەرپرسانی روسیا و چین و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و رۆبێرت مۆڵی نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران بەڕێوەدەچێت.

میخائیل ئۆڵیانۆف نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و بەشدار لە کۆبوونەوەکە لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا لایەنەکان لە شوێنی کۆبوونەوەکە ئامادەبوون و پێدەچێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکرێت.

ئەگەرچی پێشتر ئێران رایگەیاندووە، هەرجۆرە دانوستانێکی راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا رەتدەکەنەوە، بەڵام دوێنێ دووشەممە نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت دانوستانێکی قورسیان لەپێش بێت.

هاوکات عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی ئێران دڵنیایە کە لە رێچکەیەی راست و باش هەنگاو دەهاوێژێت و ئەگەر ئەمریکا جددی بێت و راستی و دروستی خۆی لە کرداردا بسەلمێنێت، رێککەوتنێکی باشتر لە داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.

لەپێناو سوککردنی گەمارۆکانی سەر ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، ساڵی ٢٠١٥، رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان تاران و وڵاتانی 5+1 ئیمزا کرا، بەڵام رۆژی سێشەممە ٨ی٥ی٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە بڕیارێک کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنەکە و گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێرانی راگەیاند .

بەهاتنە سەرکاری جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیواکان بۆ گەڕانەوەی واشنتن بۆ رێککەوتنەوە و زیندوکردنەوەی، زیاتر بوون، ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر بەرپرسانی ئێران چەندین جار رایانگەیاندووە کە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لەوبارەیەوە رەتدەکەنەوە.