دوو بژاردە بۆ درێژەدان بەخوێندنی ئەمساڵ ڕاگەیەندرا

07/04/2021
فۆتۆ: 

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان، دوو بژاردە دەخاتە بەردەم وەزارەتی پەروەردە بۆ دریژەدان بە خوێندنی ئەمساڵ، دەشڵێت، خوێندنی ئەلیکترۆنی بژاردەیەک نیە وەک جێگرەوە.

عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی هاوبەشیان کردوە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە و یەکێتی مامۆستایان، بۆ گەڵاڵەکردنی پێشنیار لەسەر چارەنووسی پڕۆسەی خوێندن، وەک لای هەموان ئاشکرایە ئێستا ئامارەکانی تووشبوون و مردن لەزیادبووندان.

وتیشی، بەھۆی زۆربوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا، بەلای هەموو ئامادەبووانی کۆبوونەوە مومکین نیە دەرگای قوتابخانەکان ئێستا بەڕووی خوێندکاران بکرێتەوە، بۆیە هەموومان سەرقاڵی ئەوەین دەرچەیەک بدۆزینەوە وەک بژاردە تاوەکو خوێندنی ئەمساڵ بەفیڕۆ نەڕوات.


دەشڵێت، یەکێک لەبژاردەکان خوێندنی ئەلیکترۆنیە، هەرچەندە هەموومان دەزانین خوێندنی ئەلیکترۆنی بژاردەیەک نیە وەک جێگرەوە، بژاردەکی تریش تا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستی دەکرێت دەرگای قوتابخانەکان بەداخراوی بمێنێتەوە، وەزارەتی پەروەردە سەرپشکە لەم دوو بژاردەیە لەگەڵ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا باسی بکات.