نوێترین زانیاری لە زیندانەکەی ئالێکسی ناڤالنیەوە

07/04/2021
فۆتۆ: 

پارێزەرەکەی ئالێکسی ناڤالنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ چاویان بەو سەرکردەیە کەوتوە لە زیندان و تەندروستی جێگیرە.

ئۆلگە میخایڵۆڤە، پارێزەری سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ئالێکسی ناڤالنی، بە ئاژانسى ڕیا نۆڤەستى ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕیکانمان سەردانی ناڤالنیمانکرد و نزیکەی دوو کاتژمێر پێکەوە گفتوگۆمانکردووە.

وتیشی، ئالێکسی ناڤالنی، لە زیندانە لە ناوچەی ڤڵادیمیر و ئەویان بۆ هیچ شوێنیک نەگواستوەتەوە و تەندروستی جێگیرە.

رۆژی ١٧ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، پۆلیسی روسیا ئەلێکسی ناڤالنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی لەدوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە و لەفڕۆکەخانەی مۆسکۆ دەستگیرکرد، دادگایی روسیاش ناڤالنی بەتۆمەتی پێشێلکردنی ئەو مەرجانەی کە پێی ئازاد بووە بە سێ ساڵ زیندانی سزادا، لەکاتێکدا ناوبراو بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەهۆی ژەھر خوارکردنییەوە، لە ئەڵمانیا بوو.

سزادانی ناڤالنی کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و هەزاران کەس رژانە سەر شەقامەکانی شارە جیاوازەکانی ڕوسیا، پۆلیسی ئەو وڵاتەش زیاتر لە پێنج ھەزار و ٧٥٠ خۆپیشاندەری دەستگیرکرد، بەجۆرێک زیاتر لە هەزار و ٩٠٠ کەسییان لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە بوون.

لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕوداوەکەی کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئیدارەی ئەمریکا، لەسەر ژەهراویکردنی سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسی ئالێکسی ناڤالنی، بریاری سەپاندنی سزای لەسەر حەوت بەرپرسی باڵای رووسی دەرکرد کە سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی فیدڕاڵی ئالێکساندەر بۆرتنیکۆڤ، کارگێڕی سیاسەتی ناوخۆ لە فەرمانگەی سەرۆکایەتی دەوڵەتی رووسیا ئاندرێ یارین و جێگرانی وەزیری بەرگری پاڤیل پۆپۆڤ و ئالێکسی کریڤۆروچکۆ دەگرێتەوە.

ئەلێکسی ناڤالی تەمەنی ٤٤ساڵە و لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی گەندەڵییەکانی ڤلادمیر پوتنی سەرۆکی روسیا کردووە و بەو هۆیەشەوە شەپۆلێکی خۆپێشاندان و ناڕەزایی و توڕەبوون لەدژی پوتن سەریهەڵدا، سەرباری هەڕەشەکانی کریملنیش بۆ دەستگیرکردنی لەئەگەری گەڕانەوەی بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام ناڤالنی پەیمانیدا بگەڕێتەوە.