روونکردنەوەی تەندروستی هەولێر لەسەر تەندروستی کەسێک کە ڤاکسینی وەرگرتووە

07/04/2021
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو کەسەی دوای وەرگرتنی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا نیشانەی لەرز و تا و لەش داهێزرانی لێ دەرکەوتووە، شتێکی ئاساییە و ئەو کەسە هاتووەتە نەخۆشخانە و چارەسەری بۆ کراوە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە.

دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "سەبارەت بەو بەڕێزەی کەوا نیشانە لێ دەرکەوتووە دوای وەرگرتنی پێکوتە، لەڕۆژی دووشەمە بەرواری ٥/٤/۲٠۲۱ بەیانیەکەی لە بنکەیەکی تەندروستی پێکوتەی دژە کۆڕۆنای وەرگرتووە، وە لەڕۆژی دوایی سێشەممە ٦/٤/۲٠۲۱ تووشی ئازاری لەش و تاهاتووە کە ئەم نیشانە لاوەکیانەی وەك تا و لەرز و ژانی لەش چاوەڕوانکراوە و لەهەندێك کەس ڕوودەدات و لەوانەیە بۆماوە ۲٤ بۆ ٤۸ کاتژمێر بمێنێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو نەخۆشە ئەمڕۆ ۷/٤/۲٠۲۱ سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کردووە چارەسەری تەواوی پێشکەش کراوە بۆ ماوەکی کاتی ماوەتەوە و دواتر نێردراوەتەوە ماڵەوە، تیمی پاراستنی تەندروستی پەیوەندی بەناوبراو کردووە وبەردەوام چاودێری دۆخی تەندروستی ئەو بەڕێزە دەکات، تەنها پێویستی بە پشوو هەیە لەگەڵ ئەو چارەسەریانەی کە تا دێننە خوارەوە.