حکومەتی عێراق: پلان دانراوە بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان

07/04/2021
فۆتۆ: 

حەسەن نازم وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، خشتەیەکی زەمەنی هەیە بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراقدا.

تەلەفزیۆنی عێراقییە لە زاری وتەبێژی حکومەتەوە بڵاویکردەوە، توێژینەوەیەک ئامادە کراوە و خشتەیەکی زەمەنی تیا دیاریکراوە، بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق.

حەسەن نازم ئاماژەی بەوەشکرد، لە گفتوگۆی عێراق و ئەمریکادا ئەمڕۆ پلانێک بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراقدا دانراوە.

ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستا گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بەشێوەیەکی گونجاو بەڕێوەدەچێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەمریکا دەستی پێکرد.

هەر ئەمڕۆش بەر لە دەستپێکردنی خولی سێهەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عێراقیش، ژمارەیەک گروپی چەکداری سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی، هەرەشەی هێرش و کردەوەی سەربازییان لە هێزەکانی ئەمریکا کرد لە عێراقدا، ئەگەر بەغدا و واشنتۆن وادەیەک دیاری نەکەن بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان.

لە بەیاننامەیەکدا بە ناوی دەستەی هەماهەنگی بەرگری عێراقی، کە گروپە چەکدارەکانی  کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی و عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی سەید شوهەدا و بزوتنەوەی نوجەبای لە خۆگرتووە، ڕایگەیاند، بەرەی بەرگری خۆی دەبێتەوە لەبەرامبەر پابەندبوونێک کە بەوپەڕی هێزەوە لێدانی بەهێز و ورد ئاراستە بکات، ئەگەر بێت و گفتوگۆکان بەشێوەیەکی ئاشکرا و روون وادەیەک بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان دیاری نەکات، کە ئەو بە هێزی داگیرکەر ناوی بردوون.