وەزیری ناوخۆ لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ لە ڕەمەزاندا ڕونکردنەوە دەدات

08/04/2021
فۆتۆ: 

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا ڕێکار و ڕێنمایی نوێ دەدەکرێت،چونکە هاوڵاتیان کاروبارەکانیان زیاتر بە شەوان دەکەن.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕاشیگەیاند لە ئەمشەوەوە قەدەغەی هاتوچۆی شەوان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و داواکارن هاوڵاتیان پابەند بن چونکە بڕیارەکە بۆ بەرژەوەندی گشتی دەرکراوە.

وتیشی پێش هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوەو ڕێکار و رێنمایی نوێ دەردەکات ،چونکە دەبێت خۆمان لەگەڵ رەمەزاندا بگونجێنین.

وەزیری ناوخۆ ڕاشیگەیاند بەداخەوە هاوڵاتیان وەک پێویست پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نابن و ئەوەش وایکردوە رۆژانە ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە هەرێم زیادبکات.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەم قەدەغەی هاتوچۆیەی ئێستا ڕاگەیەندراوە هەتا 12 ی مانگە و دەبێت رێکار و ڕێنماییەکان لەگەڵ ڕەمەزاندا بگونجێنن.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاریدا لە کاتژمێر هەشتی ئەمشەوەوە قەدەغەی هاتوچۆ لەناو شارەکانی هەرێم هەتا کاتژمێر شەشی بەیانی جێبەجێبکرێت.