دوا دەرگاکان

08/04/2021
فۆتۆ: 

ئەحمەدی مەلا

نەمدەویست لە دەرگاکان بدەم نەبادا بتۆرێ با،

با بسرەوێ ئەم مژەی دەوری سەری داویین،

نە سەرمان کەیوانە نە کێوێکمان لێوە دیارە.

نەمدەویست لە دەرگاکان بدەم نەبادا یار

بئاڵۆسکێ خەمی لەگەڵ سەرەتاکانی شەو ؛

نەبادا خۆر بە ئاسانیی هەڵنەیەت لە دەمی کەلەوە،

نەبادا خونچە ئیدی دەم نەکاتەوە بۆ هەنگ.

نەمدەویست پێغەمبەرانە لە دەرگاکان بدەم،

نەبادا گرێیەک شوێنپاژنەکانم بسڕێتەوە،

تەلیسمی گڕێک هەناوم بسووتێنێ،

ئیدی پەنجەرە نەمێنێ لە سەریا بسکەکانم هەڵواسم.

نەمدەویست ناولەپم شینهەڵگەڕێ لەگەڵ دەرگادانا،

نەبادا جارێکی دیکەش نیشتیمان،

دوا نەفرەتم لێکات

 ئاشت نەبمەوە تا ئاخری زەمان.

نەمدەویست توێژەکانی رۆحم بکڕێنم بە هەست،

نەمدەویست بە نەفرەتێ

ختمێ بدەم لە هەنییەی رەهەندستان،

دار و بەردم لێ ببنە ژیلەمۆ...

ئێرە و ئەوێم وەکو یەکە،

چونکە هەرچەند دەکەم

ناتوانم شێوەیەک بدەم بە روخسارم

هاجترە لە دەریا، باسرەوێ وەک با.

کونجێکم بەسە

تا خەونەکانمی تیا بنێژم

تەنها بستە خاکێک

بۆ ئەوەی بە هەنگاوەکانم بنووسمەوە

سەردەمی دوود و دروودی بێ سوود...

نەمدەویست لە دەرگاکان بدەم

نەبادا فریشتەکان لە شیرینی خەویان

راپەڕێنم،

مەودایەک نەمێنێ بۆ باڵ،

ئەو کەمە ئاسمانەی کە هێشتا دەشێ ببێ

بە سەرپۆشی دنیا،

دامانپۆشێ میهرەبان.

٢٠٢١