لە کۆیە شۆفێرێک خاوەن پێداویستییەکی تایبەت دەکات بەژێرەوە و هەڵدێت

08/04/2021
فۆتۆ: 

لە قەزای کۆیە شۆفێرێک، خاوەن پێداویستییەکی تایبەتی کرد بەژێرەوە و هەڵات، بەڵام دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

فازل حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، "بەداخەوە دوێنێ لەناحیەی سکتان کەسێکی دڵڕەق کە پیکابێکی لێدەخوڕی، بەخێراییەکی شێتانە کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی کردە قوربانی و دەستبەجێ کوشتی".

دەشڵێت، "ئەوەی جێگای داخە، هەڵاتنی شۆفێرەکە بوو لەدوای تاوانەکە، وەکو ئەوەی هیچی نەکردبێت یان بەئەنقەست ئەو بەستەزمانەی کردبێتە ئامانج".

فازل حاجی دەستخۆشیش لە هێزە ئەمنییەکان و لایەنی پەیوەندیدار دەکات کە بەزوویی شۆفێرەکەیان دۆزیوەتەوە و دەستگیریان کردووە.

هیواشی خواستووە، لەکاتی دادگاییکردنی، دادوەر پێش سەیرکردنی پەڕاوەکەی، سەیری ڤیدیۆی خێراییەکەی ئەو شۆفێرە بکات کە لەکامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە کە چۆن لەو خاوەن پیداویستییە تایبەتە دەدات و دواتر جێیدەهێڵێت، نەک زوو ئازادی بکات.