بەردی بناغەی کارگەی بەرهەمهێنانی شەکر لە رانیە دانرا

08/04/2021
فۆتۆ: 

بەردی بناغەی کارگەی بەرهەمهێنانی شەکر لە رانیە دانرا کە ڕۆژانە 500 تۆن شەکری سپی بەرهەم دەهێنێت .

بەئامادەبوونی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سە‌رچاوە‌كانی ئاو و بەرپرسانی ئیدارەی ڕاپەڕین و بەشێک لە جوتیارانی ناوچەکە، لە مەراسیمێکدا بە‌ردی بناغە‌ی پرۆژە‌ی بنیاتنانی كارگە‌ی شە‌كری بیتوێن لە‌دە‌ڤە‌ری راپە‌ڕین دانرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دامەزراندنی ئەم پڕۆژەیە، کەرتی کشتوکاڵ هەنگاوێک دەباتە پێشەوە و دڵنیایی دەداتە جوتیاران، چونکە پێشوەختە بازاڕێک بۆ بەرهەمەکانیان دروستدەکات، وتیشی، ئەم پڕۆژەیە، کەرتی کشتوکاڵ  لەسەرەتاییەوە بۆ کشتوکاڵێکی بەرەوپێشچوو و سەردەمیانە دەبات، بۆیە هەر کارێک و پڕۆژەیەک ئەنجامبدرێت دەبێت سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرین تاوەکو کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێم بەشێوەیەکی زانستی بەرەوپێش بچێت.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، "بنیاتنانی ئەم کارگەیە هەشت هەزار دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت و بەخستەنەگەڕی ئەم جۆرە پڕۆژانە دەتوانین زانکۆکانمان بە بازاڕەوە گرێ بدەین".

هاوکات بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوی هەرێم رایگەیاند، دەشتی بیتوێن بۆ دامەزرادنی ئەم پڕۆژەیە دیاریکراوە چونکە خاکەکەی گونجاوە لەڕووی چۆنیەتی و چەندێتیەوە بۆ چاندنی قامیشی شەکر.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کارگەیە دەتوانێت بەشێکی زۆر لە پێداویستی شەکر بۆ ناوخۆ پڕبکاتەوە و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و ئەمە یەکەم و دوا پڕۆژەشیان نابێت.

پڕۆژەی کارگەی بەرهەم هێنانی شەکری بیتوێن لەلایەن کۆمپانیای ئابورلاندەوە  بەبڕی 71 ملیۆن دۆلار لەسەر ڕووبەری 100 دۆنم زەوی دروستدەکرێت،  کە ڕۆژانە 500 تەن شەکری سپی بەرهەم دەهێنێت.