فڕۆکەخانەی هەولێر: گەشتەکانمان بەردەوام دەبن

08/04/2021
فۆتۆ: 

گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر، بەردەوامدەبن و راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ ئەو گەشتیارانە ناگرێتەوە کە بەنیازن گەشت بکەن یان بگەڕێنەوە.

بەڕێوبەرایەتی گشتیی فڕۆکەخانەی هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا، بڵاویکردەوە، گەشتەکانمان بەردەوام دەبن و داوا لە گەشتیاران دەکەین، لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا لە فڕۆکەخانە ئامادە بن.

دەقی راگەیێندراوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر 

ئاگاداری گشت هاووڵاتیان و گەشتیارانی بەڕێز دەکەینەوە کە گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەشێوەی ئاسایی بەردەوامە و گەشتەکان لە کاتی خۆیاندا ئەنجام دەدرێن. 

قەدەغەی هاتووچۆ ئەو گەشتیارانە ناگرێتەوە کەوا گەشت دەکەن یان دەگەڕێنەوە، بۆیە تکایە لەکاتی دیاریکراوی گەشتەکاندا لە فڕۆکەخانە ئامادە بن. دوای دەستپێکردنی کاتی قەدەغەی هاتووچۆ، بە هەبوونی تیکتی گەشتکردن، هاتووچۆ بۆ فڕۆکەخانە رێگەپێدراو دەبێت. 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر 

ئەوەش دوای ئەوەدێت، کە لە کاژمێر ٠٨:٠٠ ئەمشەو ٨-٤-٢٠٢١، قەدەغەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە تاکو رۆژی ١٢-٤ بەشێوەی نیمچەیی بەردەوام بێت.