قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان چۆن جێبەجێ کرا؟

08/04/2021
فۆتۆ: 

لە هەولێر و دهۆک بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ چوەبواری جێبەجێکردنەوە لە سلێمانی بڕیارەکە جێبەجێنەکرا.

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لە کاتژمێر، ٠٨:٠٠ـی ئەمشەو ٨-٤-٢٠٢١، قەدەغەی هاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو رۆژی ١٢-٤ بەشێوەی نیمچەیی بەردەوام بێت. بڕیارەکە لە هەولێر و دهۆک جێبەجێکرا و هێزە ئەمنیەکان لەسەر شەقامەکان و لە شوێنە گشتیەکان بڵاوەیان پێکرا و لێپێچینەوەیان لە سەرپێچی کاران کرد. 

هاوکات، هەر ئەمشەو قائیمقامیەتی هەولێر بڵاویکردەوە کە، بەهۆی ئاهەنگ گێڕانەوە هۆتێل (دێدەمان)ی پێنج ئەستێرەی داخست و خاوەنەکەشی دەستگیرکراوە.

لاى خۆیەوە، پۆلیسی هەولێریش بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، پلانەکە بەتەواوی لە شارەکە جێبەجێ دەکرێت و هەرکەسێک سەرپێچی سایاکە بکات سزای دارایی دەدرێت.

بەشێک لە هاوڵاتیانیش لە شارى هەولێر بڕیارەکە بەنا دادپەروەری ناودەبەن و دەشڵێن پێویستە بڕیارێک بدرێت لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان چونکە وەک خۆیان دەڵێت بژێوی ژیانیان لە شەودایە و ئەو بڕیارەش کاریگەری نیگەتیڤی لەسەر ژیانیان دەبێت.

لە شاری دهۆکیش بڕیارەکە بەتەواوی چوە بواری جێبەجێکردنەوە و بەشێک لە هێزە ئەمنیەکانیش لەسەر شەقامەکان بە تۆڕی هەواڵی ژیانیان ڕاگەیاند، لە تەواوی شەقامەکان و شوێنە گشتیەکان بڵاوبونەتەوە و سزای ئەو کەسانە دەدەین کە سەر پێچی یاسا دەکەن.

بەڵام لە سلێمانی پێچەوانەی هەولێر و دهۆکەوە، بڕیارەکە نەچوە بواری جێبەجێکردنەوە و شەقامی سالمی شارەکەش جمەی دەهات لە هاوڵاتیان، بەشێک لەو هاوڵاتیانە بە تۆڕی هەواڵی ژیانیان ڕاگەیاند، هیچ دادپەروەریەک لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەدانیە و چۆن بەڕۆژ کۆرۆنا نیە! بەڵام بە شەو هەیە؟

دەشڵێن، ئەو بڕیارە کاریگەرى بارى داراییان هەیە و داواش لە حکومەت دەکەن بڕیارێک بدات لەبەرژەوەندى هاوڵاتیان بێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، ڕەوشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە و لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار کەس توشی کۆرۆنا بون و نزیکەی ٢٠ کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.