لە زیندانی سزادراوانی بادینان چوار کەس تووشی کۆرۆنا بوون

09/04/2021
فۆتۆ: 

بڕیاردەری لیژنه‌ى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى كردن له‌ مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی کوردستان باسی دۆخی سزادراوانی بادینان لە زیندان دەکات و دەڵێت، لە دۆخێکی زۆر خراپتدان بەشێوەیەک لەو شوێنەی ئەوان چوار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، بەدریە ئیسماعیل مەحمود بڕیاردەری لیژنه‌ى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى كردن له‌ مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، "بەداخەوە نەدەبوو بەهیچ شێوەیەک ئەندامی پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ڕێگری لێبکرێت بۆ هیچ دامودەزگایەکی حکومی و بۆ هیچ دەستگیرکراوێک لەهەرشوێنێکدا دەستگیرکرابێت، بەداخەوە ڕێمان لێگیرا دوای چەند نوسراوێک پاشان دوای 27 ڕۆژ وەڵامدراینەوە و کارئاسانیمان بۆکرا و ڕەزامەندیمان بۆ کرا، تەنها پێنج لەو سزادراوانە ببینین، کاتێک ئێمە بینیمان بەیەک پاکێج کۆمەڵێک پرسیارمان ئاراستە کردن لەنزیکەوە و یەک بەیەکیانمان هەمووی دوواندووە".

سەبارەت بە باری تەندروستی زیندانیکراوان، بەدریە ئیسماعیل رایگەیاندووە، "من وتەی خۆیان دەگوازمەوە کە یەکێک لەسزادراوان دەڵێت، لە ژوورەکەمان زۆربەمان توشی هەستیاری پێست و سوربوونەوە و دروستبوونی زیپکە بووین هەتا یەکێک لەوانە دەستەواژەی گەڕیی بەکارهێنا (لەگەڵ ڕێزی تەواوم)، بەڵام خۆی ئەو دەستەواژەیەی بەکارهێنا لەبەرئەوەی لەژوورەکەدا پاڵەپەستۆ و لۆدێکی زۆر هەیە، دەڵێت، لەکاتی خەوتندا بەیەکەوە کەپس دەبیین تەنها چوار بست مەسافەی ئیسراحەت و حەوانەوەمان هەیە، لەژوورەکەدا پاڵەپەستۆ و گازی پیسبوون و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن زۆرە، لەکاتێکدا ئێمە دەبیینن ڕێگری لە کەسوکارمان دەکرێت لەبەر مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڵام ئێمە موعەرەزترین بەوەی ئەو پاڵەپەستۆ و لۆدە زۆرە لەسەر هۆڵەکاندا هەیە کەبەپێی ستانداردی جیهانی نابێت لە 30-35 کەس زیاتری تێدا بێت بەداخەوە ئەوان 135 کەسن."

دەشڵێت، "یەکێک لەزیندانییەکان لەسەر بینینی پزیشک پێی وتین هەفتەی جارێک دەمانبینن و هەندێک پێداویستی سەرەتایی هەیە بۆماندەکەن بەڵام من ئێستا بۆ ئەم هەستیاری و سووربوونەوەیەم پێویستم بەمەلحەمێکە دەستم نەکەوتووە، هەروەها چارەسەری درێژخایەنمان هەیە هەندێکمان نەخۆشی درێژخایەنی هەیە بۆیان نەهێناوین و ڕەتیانکردۆتەوە و ڕێگەیان نەداوە بۆمان بهێنن، یەکێک لەنەخۆشەکان نەشتەرگەری پێویست بووە و نەشتەرگەری سەرەتایی کە دەبووایە لە نەخۆشخانەی دەرەوە بکرێت بەڵام ڕێگە پێنەدراوە، لەسەر بینینی پارێزەر، پارێزەرییان تائێستا نەبینیووە و کەسوکاریان نەبینیووە و تەلەفون بۆنموونە دەڕۆژ بیست ڕۆژ یا مانگی جارێک بەریاندەکەوێت بۆ چەند خولەکێک."

بڕیاردەری لیژنەى کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکى کردن لەمافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان باسی لە داواکاری زیندانییەکان کردووە و رایگەیاندووە، "بێگومان ئێمە بەوردەکاریی گوێبیستی ئەوان بووین ئەوانە بێزارن بۆنموونە کەسی ڕۆژنامەنوس و بەتوانان و عادەتەن کەسی ڕۆژنامەنووس چالاکە لەبواری خوێندنە و لەبواری نوسیین، داوای ئەوان بۆ دەرەوە یەکەم شت ئەوەیە کەداوای ئەوان بگەیەنین بەنەتەوە یەکگرتووەکان و بیگەیەنیین بەلایەنی پەیوەندیدار وەکو لیژنەی مافی مرۆڤ، وەکو دەستەی مافی مرۆڤ وەکو پەرلەمان هەڵوێستمان هەبێت داواکاری ئەوان بگەیەنیین بەدەرەوە کەپێداچوونەوە بەحوکمەکەیاندا بکەن بەگشتی داوای تەمییزی حوکمەکەیان دەکرد هەروەها داوای بینینی کەسوکاریان دەکەن، وە داوای بینینی پارێزەر دەکەن، وە داوای ئەوە دەکەن بۆنموونە پەڕتووک و پێنووس هەبێت."

راشیگەیاندووە، "ئێمە هەموو شتەکانمان کۆنوسکردووە و کردوومانە بە یاداشتێک، هەموو داواکاری و پێداویستیەکان و گرفتەکانیان لە یاداشتێکدا بەرزمانکردۆتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و لەسەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەبێت، ئێمە لەسەر خەتدەبین، هەنگاوەکانی تریشمان هەرچی ڕێکاری مەدەنی و یاسایی هەبێت وەکو لیژنەکەمان دەیگرینەبەر".

سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی چالاکوانانی بادینان کراوە، بەدریە ئیسماعیل رایگەیاند، "ئەوان سەرتاپای تۆمەتەکان ڕەتدەکەنەوە، یەکێک لەوانە تۆمەتبار کراوە بەهەڵگرتنی چەک دەڵێت هەرگیزا و هەرگیز من نەمهێشتووە مناڵەکەشم تەنانەت دەمانچەی پلاستیکی بەکاربهێنێت لەبەرئەوەی جۆرێک لەتوندوتیژی لەمێشکیدا تۆمار نەبێت، یەکێکی تر دەڵێت من تۆمەتبار کراوم بەوەی گوایە ئاسایشی هەرێمی کوردستانم تێکدابێت، من 14 ساڵە هۆشیاری خەڵک دەکەم بەئەندازەی باڵەمێشولەیەک زیانم بەهیچ کەسێک و تاکێکی کۆمەڵگە نەگەیاندووە کەی ئەوە ڕەوای حەقە! کاتێک دادوەر حوکمەکەمی خوێندەوە یەکسەر توشی بورانەوە بووە و لەهۆش خۆی چووە لەبەرئەوەی زوڵمێکە، یەکێکی تر لەهاوڵاتیەکان ڕۆژنامەنووسە دەڵێت، من پێنج ساڵە هەموو ئەولیاتێکم لێ زەوتکراوە و مافی دەنگدانیشم نەبووە وەکو هاوڵاتی ئەم وڵاتە حسابم بۆ ناکرێت، سەرتاپا تۆمەتەکانیان ڕەتدەکەنەوە تەنها وەکو کەسێک بەیاسا ڕێگەمان پێدراوە ئازادی ڕادەربڕینمان هەبێت ڕای خۆمان دەرببڕین تەنها ئەوە بووە و هیچ شتێکی تر."

ئاشکراشیکرد، "ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە لەڕووی دەرونییەوە زۆر تێکشکاون بۆنموونە دەڵێن ئێمە شەش مانگە تەنها ڕووخساری خۆمان نەبینیووە و ئاوێنەیەکمان لەلا نییە، هەندێک ئەوەلیات و پێداویستیمان لەلا نییە، هەواڵی کەسوکارمان نازانین و وەکو پێویست نییە تەنها سەلام و کەلامێکی کورت و موختەسەر بەهەرحاڵ ئەوان لەڕووی دەرونیەوە زۆر ڕووخاون."

بەدریە ئیسماعیل قسەی زیندانیکراوەکان بادینان دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "دانپیادانەکانمان لەژێر زۆری و فشاردا لێوەرگیراوە تەنانەت یەکێکیان وتی پێدەچێت ئەم بابەتەی کە بۆ ئەم حوکمانە دانراوە ئامادەکراوبێت، بەداخەوە یەکێک لەسزادراوان ناوی ناهێنم، وتی من ئەگەر هەڕەشەم بەخێزانەکەم لێبکرێت ئامادەم سەری خۆم دابنێم کێ لەئێوە ئامادەیە هەڕەشەی بەخێزانی لێبکرێت و ئەو شتەی بەرامبەری ڕووبەڕووی دەبێتەوە قبوڵی نەکات!".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە کەبەدواداچوونمان بۆ کردن نزیکەی چوار کەس لەشوێنی زیندانی کردنی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانە توشی کۆرۆنا ببوون، لە هۆڵەکاندا بۆنموونە هەر دوو سزادراوێک چۆتە هۆڵەکەوە و دابەشبوون بەسەر هۆڵەکاندا باسی چوار کەسیان کرد کە کۆرۆنایان گرتووە لەناو هۆڵەکاندا لەگەڵ ئەو 135 کەسە بوون و ژیانیان بەیەکەوە بردۆتەسەر، کەنیشانەکانیان لێدەرکەوتوون لەوانیان جیاکردونەتەوە."

بڕیاردەری لیژنه‌ى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى كردن له‌ مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاندووە، ئەگەرچی داوایانکردووە، مامۆستا بەدەل بەرواری و ئیسماعیل ناوێک و دووانی تر لەگیراوەکانی ناوچەی دهۆک ببینن بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.

ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر کراون و لە ١٦ی٢ی٢٠٢١ دادگاییکردنی بەشێک لە گیراوەکان لە دادگای ژمارەی ٢ی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادگا هەر یەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانیی سزادا .

ئەو بڕیارە کاردانەوەی ناوخو و دەرەوی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤی لێکەوەتەوە، بۆیە دواتر و لە ٤ی٣ی٢٠٢١ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی ئەو پێنج کەسەی بڵاوکردەوە و بە "تۆڕێکی سیخوڕ" ناویبردن.